چارەنوسی ئەو ئەندامانەی هاوپەیمانی دیاریدەکرێت کە پێشتر یەکێتی بوون


وێستگە نیوز-

سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری ڕایگەیاند ئەو ئەندامانەی هاوپەیمانی کە پێشتر یەکێتی بوون هێشتا لەناو هەوپەیمانیدا ماونەتەوە و تەنها بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی و هەرکەسێکیش هاوهەڵوێستی ناوبراو بێت بڕیارێکی تاکەکەسیە و هاوپەیمانی لێی بەرپرس نییە.

سەرچاوەیەکی باڵای ناو هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "کاتێک بەرهەم ساڵح و چەند کەسایەتیەکی تری سیاسی هاوپەیمانییان ڕاگەیاند چەندین ئەندامی یەکێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح هاتنە ڕیزەکانی هاوپەیمانی بەڵام دوای گەڕانەوەی ناوبراو ئەوان هێشتا لەگەڵ هاوپەیمانی کار دەکەن".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت وتی "هەندێک لەوانەی کە پێشتر یەکێتی بوون لە هاوپەیمانیدا پۆستیان هەیە و لە شوێنی گرنگدان و لەوانەیە ئەوە هۆکارێک بێت بۆ نەگەڕانەوەیان بۆناو یەکێتی".

سەرچاوە باڵاکە ئەوەشی خستەروو "پێدەچیت لە داهاتودا هەندێک لەو ئەندامانەی هاوپەیمانی کە پێشتر یەکێتی بوون بگەڕێنەوە ناو یەکێتی بەڵام ئەوە بڕیارێکی شەخسی دەبێت و پەیوەندی بە هەڵویستی فەرمیی هاوپەیمانیەوە نییە".

وێستگە نیوز زانیویەتی هاوپەیمانی بە سەرپەرشتی ئارام قادر کە ئەندامی ئەنجومەنی دامەزراندنی ئەو حزبەیە خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست دەکەن بە ئەنجامدانی کۆبونەوە و کۆنفرانس و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کۆنگرە و هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ حزبەکەیان.

سەرچاوە ئاگەدارەکەی ناو هاوپەیمانی ئاشکراشیکرد لەکاتی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحدا بۆ ناو یەکێتی نشتیمانی کوردستان چاوەڕوانیان کردووە هەندێک لەو ئەندامەنەی کە پێشتر یەکێتی بوون هاوهەڵوێستی خۆیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەربڕن بەڵام ئەوە ڕوی نەدا.


PM:06:31:18/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 14692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت