فواد حسێن: ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت نابێت بەرد بگرێتە ماڵی خەڵک


وێستگە نیوز-

فواد حسێن کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕایگەیاند "خۆکاندیدکردنم بە پشتبەستن بووە بە بارزانی".


فواد حسێن  ڕایگەیاند "کەسێک لە خێزانەکەی تاڵەبانی هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە خێزانەکەم جولەکەیە و وایاندەزانی من بەو هەواڵە توشی تێکشکانی دەرونی دەبم بەڵام ئەوە کاریگەری نەبوو لەسەرم".

فواد حسێن  وتیشی "من خێزانەکەم کریستانە و دایک و باوکیشی کریستانن و خێزانێکی بەناوبانگن لەسەر ئاستی جیهان".

فواد حسێن  جەختیکردەوە "ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت نابێت بەرد بگرێتە ماڵی خەڵک".

ئەو کاندیدەی پارتی ڕایگەیاند "ئێمە بەشێکین لە عێراق و هاتوین بۆ ئەوەی نوێنەری کورد بین لە بەغدا"


وتیشی "ئەزمونی سیاسی ئێمە وایکردووە لە خوێندنەوەی دۆخی ئابوری و سیاسیدا سەرکەوتوبین، ئێمە بیرۆکەی سیاسیمان هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان لەڕوی ئابوری و ئەمنی و سیاسیەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەعێراقدا چەندین قەیران هەیە و دەبێت بزانین چۆن ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین".

ڕونیشیکردەوە "سەرۆک کۆمار ئەو کەسەیە دەستور دەپارێزێت و ڕێگە نادات دەستور پێشێل بکرێت".

جەختیشێکردەوە "پێویستە کار بکەین و پلان دابنێین بۆ پاراستنی دەستور چونکە تا ئێستا کێشە هەبووە لە کارەکانی سەرۆک کۆمار".

کاندیدەکەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد "ناتوانین بەتەنیا کار بکەین بەڵکو پێویستە هەرسێ دەسەڵاتەکە هەماهەنگی یەکبن".

فواد حسێن وتی "پێویستمان بە سەرکردایەتی هاوبەش هەیە بۆ دروستکردنی بڕیار کە دەبێت بەرهەمی هاوبەشی لێ بێتەدی و ئەوەش پەیوەستە بە دەستورەوە".

کاندیدەکەی سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد "قۆناغی یەکەم گێڕانەوەی سەرکردایەتی کردنە بۆ سەر ڕێچکە دروستەکەی خۆی و دەبێت بە کردار کار بۆ ئەوە بکەین و هەڵوێستمان ڕونبێت لەوبارەیەوە".

لەبارەی ڕێفراندۆمەوە فواد حسێن وتی"ڕیفراندۆم قەدەغە نییە و لە عورفی دیموکراسیدا دەربڕێنی بۆچوون ئاساییە، خەڵکی کوردستان تەنها بۆچونی دەربڕیوە و ئەنجامەکەی نەبووە بە واقع و ئەوکاتیش ڕامانگەیاند بۆ هەر بڕیارێکی چارەنوسساز دەبێت لەگەڵ بەغدا هاوبەشبین".

ڕونیشیکردەوە "تا ئێستا پەرتەوازەیی و جیاوازی هەیە لە حزبە کوردیەکاندا لە پرسی کاندیدکردنی سەرۆک کۆمار".





PM:03:08:25/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 13172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت