ناوەندی سەربەخۆیی: پارتی و یەکێتی شکستیان هێنا نەک ڕیفراندۆم


وێستگە نیوز-


ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردوە ڕیفراندۆم شکستی نەهێناوە و بەڵکو یەکێتی و پارتی شکستیان هێناوە و جەختیشیکردووەتەوە باڵی دەستڕۆشتووی ناو یەکێتی کەرکوکی بەدەستەوەداوە.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "رفراندۆم نیشانی دا کە خەڵکی کوردستان بەردەوامن لەسەر داوای سەربەخۆیی لە عێراق و ئەمە تەجروبەی سەدەیەک لە شەڕو کێشەی نەتەوەییە لەگەڵ دەوڵەتە شۆڤێنیستیە عەرەبیەکانی عێراقدا".

لە ڕاگەیەنراوەکەی ناوەندی سەربەخۆییدا هاتووە "ئەوەی شکستی هێنا رفراندۆم نەبوو، چونکە زۆربەی خەڵک بەسەرکەوتوانە دەنگی بە سەربەخۆیی دا، بەڵکو ئەوەی شکستی هێنانی ئەو ئەنجامە بوو کە پارتی و باڵێکی یەکێتی لە ڕفراندۆمیان دەویست".

ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی تێدایە کە "لەبەر بەرژەوەندی سیاسی باڵی دەستڕۆشتوی یەکێتی ئەنجامی رفراندۆم کرایە بیانو بۆ تەسلیمکردنی کەرکوک بە ئێران و حکومەتی شیعە".

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە "خواستی سەربەخۆیی لەلایەن هێز و بزوتنەوەیەکی سیاسیەوە بەدەست دێت کە بتوانێت چارەنوسی کوردستان لە دەست یەکێتی و پارتی دەربهێنێ".

ساڵێک پێش ئێستە و لە 25ی ئەیلولی 2017 ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدرا و لەسەدا 92ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە بەڵی دا و دواتر لەلایەن تورکیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە سزای هەرێمی کوردستان درا و حکومتی فیدراڵی و حەشدی شەعبی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریان لەکورد سەندەوە.


PM:01:34:25/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 4320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت