ئەردۆغان: چارەسەری كێشەكان بە دانوستان و دیپلۆماسی دەبێت

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان

وێستگە نیوز-
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا رایگەیاند، سەرەڕای هێرشەكان بۆ سەر توركیا لە رێگەی دراوی بیانی، لە چارەكی دووەمی ئەمساڵیش بەردەوام دەبن لە گەشەكردن و ئەمساڵ بە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكەن. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بەشداری لە رێوڕەسمێك لە شاری گوموشھانەی ئیستانبوڵ كرد و رایگەیاند "ئەوانەی چاوپۆشی لە دەستپێكردنی سەرەتاییترین پرۆسەی یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەكەن كە بە دڕندەترین شێوە سەدان ھاوڵاتی ئێمەیان كوشتووە، ناتوانن باسی دیموكراسی لەگەڵ ئێمەدا بكەن، ناتوانێت زمانی ھەڕەشە لە بەرامبەر ئەم گەلە بەكار بھێنێت". 

ئەردۆغان لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی دیپلۆماسی وتی "چارەسەری كێشەكان بە ھێمنی و دانوستان و دیپلۆماسی دەبێت. بەدەر لەمانە ھەر رێگایەك بەرەو ھەڵدێر دەڕوات". 

سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی "ئەوانەی كە فەتۆچییە نزمەكانیان لە باوەشی خۆیان گرتووە و لە ڤێلاكان میوانداریان دەكەن و ھیچ ھەنگاوێك لەبارەیانەوە ناھاوێژن، ناتوانن وانەی دیموكراسی بە ئێمە بدەن". 

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد، "گفتوگۆم لەگەڵ فلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا ئەنجامدا و ئەمساڵیش ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری رووسی بەرەو توركیا دێن، پێموایە نزیكەی شەش ملیۆن گەشتیار لە رووسیاوە دێن، پەیوەندییەكانی نێوان ئێمە زیاتر بەھێز دەكات". 

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا رایگەیاند، پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنقەرە باش نین و بڕیاری داوە بە دووهێندەكردنی گومركی سەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی پەیوەست بە توركیا بەو پێیەی دراوەكەیان، لیرەی توركی بە خێرایی دادەڕمێتە خوارەوە لە بەرامبەر دۆلار، ئەلەمنیۆم ئێستا دەبێتە 20% و ئاسنیش 50%. 


PM:08:04:10/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت