وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی سه‌ردانی به‌غدایان کرد


وێستگه‌ نیوزـ

 ئەمڕۆ وه‌فدێكی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان لە به‌غدان و مەبەست لە سەردانەکە گفتۆگۆکردنە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا هه‌ریه‌ك له‌ فازل میرانی لەپارتی و مه‌لابه‌ختیار لە یەکێتی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدی هاوبه‌شی هەردوو حزەبەکە ده‌كه‌ن.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2018، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی كۆبونه‌وه‌ و وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، هەردوولایان داواکارییەکانیان دەکەنە پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی و بە لایەنە عیراقییەکانیشیان راگەیاندووە کە بەیەک شاندی هاوبەش دەچینە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی حکومەتی داهاتووی عیراق.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتیك كوردستان، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: "پرۆژه‌یه‌كمان بۆ گفتوگۆی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاماده‌كردوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیره‌وه‌ بچینه‌ به‌غدا".

وتیشی: "داواكاری خۆپیشانده‌ران له‌ باشوری عیراق ره‌وایه‌و ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی خه‌ڵكین بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان".

ئه‌وه‌شیخسته‌روو، كه‌له‌ رابردووشدا هه‌وڵدان بۆ گه‌مارۆدانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبژاردن بشێوێنرێت و عیراقیش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌چوه‌.

هاوكات مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی: "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌رگای گفتوگۆمان بۆ هه‌موو لایه‌ك كراوه‌یه‌و به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌لامانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌". 


PM:05:09:18/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت