‌وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وێستگه‌ نیوزـ

 وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پارەیەی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ موچە نێردراوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە کە حکومەتی عیراق 317 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، پارەکە بۆ هەموو وەزارەتەکان بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیشەوە نێردراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ دابەشکردنی موچە بە پاشەکەوتەوە پێویستی بە 590 ملیار دینارە، واتە ئەگەر 273 ملیار دیناری دیکە بخاتە سەر پارەکەی بەغدا، ئینجا دەتوانێت موچەی هەموو وەزارەتەکان بە پاشەکەوتەوە بدات.

دەقی روونكردنەوەکەی وەزارەتى دارايى و ئابوری: 

هاووڵاتيان و مووچەخۆرانى هەرێمى كوردستان، دوابەدواى بڵاوبوونەوەى چەند هەواڵێك لەسەر ناردنى مووچه له بەغداوه له راگەياندنەکان، لێرەوه تەواوى زانيارييەكانتان پێڕادەگەيێنين.

سەرەتا سوپاسى سەرۆك وزيرانی حكومەتى فيدراڵ و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە توانییان بە پشوودرێژیی لە قۆناغێکی سەختدا گفتوگۆیەکی بەرهەمدار ئەنجامبدەن و لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەک لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەمه دەستپێكێكى ئەرێنييه. بەڵام بڕى مووچەى هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەكەوت 900 مليار ديناره و به سيستەمى ئێستاى پاشەكەوتەوە پێويستمان به 590 مليار ديناره، بۆیە هيوادارين بەغدا بەردەوام بێت لەسەر ناردنى مووچەى مانگانە.

1- دەقى نامەى بەڕێز سەرۆكى بانكى مەركەزى بۆ وەزارەتى دارايى و ئابوورى 

اطلاق راتب لشهر واحد لموظفي اقليم كردستان

رواتب الاقليم عدا البيشمركة 281,724,634 
+
رواتب البيشمركة 35,815,831 

مجموع رواتب الاقليم مع البيشمركة 317,540,465

2- ئەم بڕه (317,540,465) دینار بۆ مووچەى هەموو وەزارەتەكانه بە پێشمەرگەشەوه، نەک تەنیا بۆ تەندرووستی و پەروەردە.

3-  رۆژی 19-3-2018 دووشەممه له لقی بانكى مەركەزى له هەولێر پارەكه رادەستى وەزارەتى دارايى و ئابوورى دەكرێت.

4- -وەزارەتمان به راوێژ لەگەڵ سەرۆكايەتیى ئەنجوومەنى وەزيرانى هەرێمى كوردستان دووشەممه و سێشەممه واته 19 و 20ی مانگ جگه له مووچەى وەزارەتى پەروەرده، بەردەوام دەبين له پێدانى مووچه و لەو بڕه پارەيه مووچەى وەزارەتەكانى تەندروستى، شارەوانی و گەشتوگوزار، ناوخۆ، شەهيدان و كەسوكارى شەهيدان و ئەنفالكراوان، زيندانيیانى سياسى، دارايى و رەگەزنامە دابەشدەکەین، هەروەها دواى نەورۆز تەواوى وەزارەتەكانى دیکە دابەشدەكەين.

5- پاش نەورۆز حكومەتى هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەيەك ئەنجامدەدات بۆئەوەی بەو بڕه پارەيەى كه بەغدا دەينێرێ، هەروەها بە داهاتى ناوخۆ و داهاتى نەوت ليستى مووچه رێكبخرێتەوه. هەموو هەوڵێك دەخەينەگەڕ بۆ باشتركردنى بژێویى هاووڵاتيان و مووچەخۆران.

وەزارەتی دارایی و ئابووری
 هەرێمی کوردستان


PM:10:48:18/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 23936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌