وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌رپه‌رچی گه‌وره‌ به‌رپرسێكی ئێران ده‌داته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاتەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی هیچ وڵاتێکی بیانیدا نییە، ئەمەش وەک وەڵامێك بۆ لێدوانی بەرپـرسێکی ئێرانی کە وتبووی ئێستا وڵاتەکەی 6 وڵاتی ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکات لەوانە عیراق.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە 22ی شوباتی 2018، ئەحمەد مەحجوب، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌ ڕادیۆ سه‌وا-ی ڕاگەیاند" عیراق پـێزانینی بۆ یارمەتی هەموو وڵاتانی جیهان هەیە لە شەڕی دژی تێرۆردا، لەوانە ئێرانیش، بەڵام لە هەمان کاتدا هەرچ دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی ڕەتدەکاتەوە کە لە لایەن هەرچ وڵاتێکەوە بکرێت."

وتیشی عیراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندی سیاسی و ئابوری هەیە کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەرە و وابەستەشە بە سیاسەتی نەچوون بە ئاڕاستەی هیچ جەمسەرێک لە دژی جەمسەرێکی دیکە لە ناوچەکەدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕەحیم ‌پـور ئەزغەدی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلڤیزیۆنی ئوفقی وڵاتەکەی وتبووی" پـێنج بۆ شەش وڵاتی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا دەرچووە و هاتوونەتە نێو بەرەی ئێرانەوە." وتوشیەتی ئەو وڵاتانە بریتین لە عیراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و کەرتی غەززە و ئەفغانستان.

ئەو بەرپـرسە ئێرانیە ئاشكراشیكردبوو و وتبوی" جەماعەتەکەی ئێمە سەدام حسێنیان لەسێدارە دا"، ئەمەش مەبەستی ئەو گروپە شیعەیانەیە کە لە عیراقدا پەیوەندیـیان بە ئێرانەوە هەیە.


PM:09:17:22/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت