چەند جۆرە مووچەیەكی خانەنشینی دەبڕدرێن


وێستگه‌ نیوز ـ
بەپێی بەڵگە نامەیەكی فەرمانگەی خانەنشینی هەرێمی كوردستان كە لە كاتی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای  خانەنشینی مەدەنی و سەربازی  ئامادە كراوە، چەند  جۆرە مووچەیەكی خانەنشینی دەبڕدرێت.


هه‌فته‌نامه‌ی باس نزیك له‌ پارتی بڵاویكرده‌وه‌، بەپێی یەكێك لە خاڵەكانی ناو بەڵگەكە، ئەو كەسانەی بە مەدەنی خانەنشین کراون بە مووچەی 300 هەزار دینار تا 900 هەزار دینار، ئەو کەسانە لە دۆسیەکانیاندا تەنها فەرمانی ئەنجومەنی  وەزیران و فەرمانانی دارایی هەیە بۆ دامەزراندنیان و هیچ پێوەرێك نەبووە بۆ پێدانی پلەی وەزیفی پێیان و لەو پلە وەزیفیانە دەوامیان نەكردووە، بۆیە حانەنشینی ئەو كەسانە هەڵدەوەشێندرێنەوە، كە ژمارەی ئەو كەسانە بە هەزاران كەسە.

هەروەها ئەو كەسانەی بە پلەی وەزیر و بریكاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و راوێژكار خانەنشین كراون، بەڵام ئەو پلەیان نەبووه‌، لە بەڵگەكە جەت كراوەتەوە ئەوە خانەنشینیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

بەپێی زانیاریەكان، ئەو كەسانە ژمارەیان نزیكه‌ی 500 كەسە و مووچەی پێشوویان شه‌ش ملیۆن دینار بووە و ئێستاش بوه‌تە سێ ملیۆن دینار.

لە ناو بەڵگەكە جەخت كراوەتەوە هەر خانەنشین كراوێك بە هەر پلە و ناوێك خانەنشین كرابێت بە بێ ئەوەی خزمەتی وەزیفی یان تەمەنی خانەنشینیان هەبێت، خانەنشینكردنەكەیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

لەو بەڵگەیە ئەوەش هاتووە كەوا لە پاش دەرچوونی یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 ی یاسای كه‌مئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌نگه‌ر، ئەوانەی بەو یاسایە خانەنشین نەكراون خانەنشینیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە: هەر كەسێك بە پلەیەكی سەربازی  خانەنشین كرابێت و خزمەتی پێشمەرگایەتی نەبێت ئەوە خانەنشینیەكەی هەڵدەوەشێندرێتەوە، هەروەك پێداچوونەوە دەكرێت بەو 105 هەزار دینارەی كە بە ناوی زیندانی وەك مووچەی خانەنشینی دابەش دەكرێت.

ئەوەش روونكراوەتەوە چەند پلەیەكی سەربازی بە پلەی فەریق خانەنشین كراون پێداچوونەوە بە پێوەرەكانی ئەم خانەنشینانەش دەكرێت.

ئەو كەسانەی بە پلەی بەرزتر لەو پۆستەی تێدا بوون خانەنشین كراون ئەو كەسانە دەگەڕێندرێنەوە ئەو پلەیەی كە دواجار تیایدا بوون.

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان  زانیاریەكانی بۆ هه‌فته‌نامه‌كه‌ دووپات كردوەته‌وە و ئەوەی راگەیاند، لە داهاتوودا دەست بە ئیجرائاتەكان دەكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دراونه‌ته‌ هه‌فته‌نامه‌ی باس، مووچەی  خانەنشیی سەربازی  و پلەتایبەت و حزبی  مانگانە 88 ملیار دینار و سالانە یه‌ك ملیار دۆلاری بۆ خەرج  دەكرێت كە دەكاتە چەند بەرامبەری  مووچەی  فەرمانبەران.

بەپێی هەندێك زانیاری پشت راست نەكراوە، 160 هەزار کەس بە پلەی جیاجیای سەربازی و تایبەت خانەنشین کراون کە 100 هەزاری تەنیا هی یەكێتی و گۆڕانن و  60 هەزارەکەی دیکەش هی پارتی و  حزبەکانی دیکەیە.

د. محەمەد رێكانی، ئەندامی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەركەسێك خانەنشین كرابێت مەدەنی بێت یان سەربازی پێداچوونەوە بە دۆسیەكەی دەكرێت، گوتی: ئەگەر لە دۆسیەی كەسی ئەو جۆرە كەسانە بەڵگەی پێویستی یاسایی نەبێت ئەوە خانەنشین كردنەكەیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، خزمەت و تەمەن بۆ خانەنشینی راستەقینە پێوەری سەرەكی دەبن، وتیشی: "ئەگەر كەسێك بڵێت 15 ساڵ خزمەتم هەیت بە بەڵگەی فەرمی نەیسلەمێنێت ئەو خزمەتەی هەیە ئەوە خانەنشین كردنەكەی هەڵدەوەشێندرێتەوە، بۆیە بە پێی دۆسیەی خانەنشینی كە لە فەرمانگەی گشتی خانەنشین هەیە مامەڵە لەگەڵ خانەنشینان دەكرێت.

جەختی كردەوە هەر كەسێك بەهەر پلەیەك خانەنشین كرابێت بە بێ ئەوەی خزمەتی پێویستی هەبێت یان تەمەنی نەگونجێت ئەوە مووچەی خانەنشینی پێ نادرێت، گوتیشی: هەر كەسێك خانەنشین كرابێت دەبێت بەلای كەمیەوە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی گەیشتبێتە 50 ساڵ ئەگەر بەم جۆرە نەبوون ئەوە تەنها دەكرێت مەبلەغێك پارەی بۆ یەكجار پێ بدرێت و نابێتە خانەنشینێك كە مانگانە مووچەی پێ بدرێت.

رێكانی ئاشكرای كرد دوای پەسندكردنی ئەو یاسای رێكخستنی خانەشینی كە ئێستا  لە پەرلەمانە هەر كەسێك  لە ماوەی 90 رۆژ كە بە نایاسایی خانەنشینی هەیە خۆی ئاشكرا نەكات ئەوە ئەو پارانەی كە پێشوو وەری گرتووە دەبێت بۆ حكوومەتی بگەڕێنێتەوە.

هــ. ر


PM:12:06:16/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 26255 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو