سیناریۆی داگیركردنه‌وی شاره‌كانی عیراق دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌

‌چەند چەکدارێکی داعش لە عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
حامد موتڵه‌گ، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت: "سیناریۆكانی داگیركردنی چه‌ندین شار و ناوچه‌ی عیراق له‌ ساڵی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو سنووری سووریا به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵ نه‌كرێت كه‌ درێژییه‌كه‌ی 650 كیلۆمه‌تره‌ و تا ده‌روازه‌ی ره‌بیعه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا درێژده‌بێته‌وه‌".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی چاپی له‌نده‌نی وتووه‌: "ساڵی 2014 چه‌كدارانی داعش له‌و سنوورانه‌ی سووریاوه‌ هاتن و شار و ناوچه‌كانی عیراقیان داگیركرد، ئه‌گه‌ر سنووره‌كانمان ئاوه‌ڵابن، دیسان دێنه‌وه‌ شار و ناوچه‌كانمان و ئێمه‌ش نامانه‌وێت هه‌مان سیناریۆ دووباره‌بێته‌وه‌".

موتڵه‌گ ده‌ڵێت: "چه‌كدارانی داعش به‌رده‌وام له‌ خاكی سووریاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌بوون بۆ سه‌ر خاكی عیراق، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ كۆششێكی سه‌ربازی فراوان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سنووری عیراق له‌گه‌ڵ سووریا كۆنترۆڵ و قایم بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ ده‌توانین شكست به‌ داعش بهێنین".

ساڵی 2014 ژماره‌یه‌كی كه‌می چه‌كداری داعش له‌ سنووره‌كانی نێوان سووریا و عیراقه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌و شاری موسڵی دووه‌م گه‌وره‌ شاری عیراق و چه‌ند پارێزگا و شارۆچكه‌و ناوچه‌ی فراوانی خاكی وڵاته‌كه‌یان كه‌وته‌ ده‌ست و هێزه‌كانی سوپا و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عیراق نه‌یانتوانی ناوچه‌كان بپارێزن و شوێنه‌كانیان بێ ته‌قه‌ جێهێشت و سه‌رجه‌م چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان بۆ چه‌كدارانی داعش جێهێشت.

هــ. ر


PM:02:58:09/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 30079 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو