پەرلەمانی عێراق متمانەی بە وەڵامەکانی وەزیری بازرگانی کرد


وێستگە نیوز-

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بەزۆرینەی دەنگ متمانەی بەوەڵامەکانی وەزیری بازرگانی کرد لێپرسینەوەش لە وەزیری کشتوکاڵ هەڵوەشایەوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە یەکێک لەپرسەکان دەنگدان بوو لەسەر وەڵامەکانی سەلمان جومەیلی وەزیری بازرگانی، کە دوێنێ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، لەدانیشتنەکەدا لەکۆی 202 پەرلەمانتار 104 یان دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ وەڵامەکانی.

هاوکات بڕیار بوو ئەمڕۆ لێپرسینەوە لە فەلاح حەسەن زیدان وەزیری کشتوکاڵ بکرێت لەسەر ئەو گەندەڵیانەی کە لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و کێشانەوەی پارەی پشتگیری لەجوتیاران کراون، بەڵام لێپرسینەوەکە هەڵوەشایەوە چونکە ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردبوو بۆ لێپرسینەوە لێی، ئیمزاکانیان کشاندەوە.

هەروەها بڕیاربوو لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر دوو مادەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدرێت، بەڵام دواخرا بۆ ڕۆژی شەممە.

لەدانیشتنەکانی پێشوودا بەهۆی ناکۆکییەوە نەتوانرا دەنگ لەسەر چەند بڕگەیەکی پرۆژە یاسەکە بدرێت، کە تایبەتن بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق لە کۆی 53 مادەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان 45 مادەی پەسەندکردو دەنگدان لەسەر دوو مادەش دواخرا کە تایبەتن بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.


PM:02:09:17/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو