لە سلێمانی شەڕەتەقە لە نێوان پۆلیس و چەند کەسێکدا روویدا


وێستگه‌نیوزـ


لە گەڕەکی سلێمانی تازە لە شاری سلێمانی، رووبەرووبوونەوە لەنێوان کارمەندێکی داواکراوی کۆماندۆ و مەفرەزەیەکی پۆلیسی رزگاری دروستبووە کە هاتبوون بۆ دەستگیرکردنی.

 
پەیامنێری وێستگە نیوز لەنیا بەختیار لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان مەفرەزەیەکی پۆلیسی رزگاری کە فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کارمەندەی کۆماندۆیان پێ بووە کە لە رێگەی ئۆنلاینەوە کاری کڕین و فرۆشتنی چەکی کردووە، و هاتوونەتە ئەو گەڕەکە تاوەک و کەسی ناوبراو دەستگیربکەن، لەئەنجامیشدا رووبەڕووی یەکدی بونەتەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانه‌ی لە زاری شایەتحاڵەکانی رووداوەکە و دانیشتووانی ئەو گەڕەکەوە دەست په‌یامنێری وێستگه‌نیوز کەوتووە، "هێزەکانی پۆلیس بە کەسی داواکراویان راگەیاندووە کە خۆی بەدەستەوە بدات، کارمەندەکەی کۆماندۆش لە بەرامبەردا وتوویەتی کە ئەو کارمەندی کۆماندۆیە و کەس ناتوانێت دەستگیری بکات و راستەوخۆش پەیوەندی بە هێزەکەی خۆیەوە کردووە تا بگەنە شوێنی رووداوەکە و لە ئەنجامیشدا رووبەڕووبوونەوە لە نێوانیاندا روویداوە و تەقە کراوە".
 
هەروەها پەیامنێری وێستگە نیوز وتیشی، لە کاتی رووبەڕوو بوونەوەکەدا چوار کەس برینداربووە و گەیاندراوەنەتە نەخۆشخانەی شار، کەسیش گیانی لەدەست نەداوە، یەکێکیش لە بریندارەکان باری ناجێگیرە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.
 
بەپێی زانیارییەکان ئەو چوار کەسەی برینداربوون یەکێکیان ئەو کارمەنده‌ی کۆماندۆیە کە داواکرابوو لەگەڵ هاورێکەیدا، دوانەکەی تریش پۆلیسی مەفرەزەکەی رزگارین کەلە نەخۆشخانە لە ژێڕ چاودێری چڕدان.  

هەروەها راشیگەیاند، لێکۆلێنەوەکان بەردەوامن لە رووداوەکە و هێزە ئەمنییەکان هاتوونەتە شوێنەکە و کامێرەی ماڵەکانیان بردووە تا بەباشی لیکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.



PM:02:01:25/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت