هه‌واڵگری ئه‌مریكا: به‌بێ هاوكاری نوێ، ئۆكرانیا له‌م ساڵدا شه‌ڕه‌كه ده‌دۆڕێنێت
وێستگه‌نیوز-
بێل بێرنز به‌ڕێوه‌به‌ری سی ئای ئه‌ی، هۆشداریدا له‌وه‌ی ئۆكرانیا، ره‌نگه تا كۆتایی ئه‌م ساڵ 2024، له شه‌ڕی روسیا بدۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هاوكاری سه‌ربازی زیاتری بۆ ره‌وانه نه‌كات.
هۆشدارییه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سی ئای ئه‌ی، ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش ئه‌و ده‌نگدانه دێت كه بڕیاره رۆژی شه‌ممه، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، له‌سه‌ر ئه‌و پاكێجه بدرێت كه تایبه‌ته به ئۆكرانیا و بڕه‌كه‌ی 61 ملیار دۆلاره و به‌شی هه‌ره زۆری هاوكاری سه‌ربازییه. ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پاكێجه، دوای چه‌ندین مانگ له چه‌قبه‌ستووی سیاسی دێت.
رۆژی پێنجشه‌ممه 18ی نیسانی 2024، بیڵ له وته‌یه‌كیدا له سه‌نته‌ری جۆرج ده‌بلیو بوش وتی: "به‌و وره ده‌روونی و پراكتیكییه‌ی كه یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌كان ده‌یبه‌خشن، پێموایه ئۆكرانیه‌كان به ته‌واوه‌تی ده‌توانن له ساڵی 2024 به‌خۆڕاگری بمێننه‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به بێ هاوكاری و یارمه‌تی زیاتر، دۆخه‌كه مه‌ترسیدارتر ده‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "مه‌ترسییه‌كه زۆر راسته‌قینه‌یه، له‌وانه‌یه ئۆكرانییه‌كان تا كۆتایی ساڵی 2024، له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا، جه‌نگه‌كه بدۆڕێنن. یان لانی كه‌م وا ده‌كات، ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا، بچێته دۆخێكه‌وه رێگه‌ی پێده‌دات، مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ رێكه‌وتنی سیاسی، بسه‌پێنێت".
به‌ڵام به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌ی سی ئای ئه‌ی، روونی نه‌كرده‌وه مه‌به‌ستی له "دۆڕاندنی" شه‌ڕه‌كه چییه.
بێل بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی لای سوپای ئۆكرانیا روونبكاته‌وه، باس له‌وه ده‌كات دوو كه‌تیبه- هه‌ر كه‌تیبه‌یه‌ك زیاد له دوو هه‌زار سه‌رباز له‌خۆده‌گرێت- "رۆژانه ته‌نها 15 گوله تۆپ و 42 گوله هاوه‌نیان هه‌یه".
له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كانی خۆرئاوا، ئۆكرانیا به‌ده‌ست نه‌بوونی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه ده‌ناڵێنێت و هانی هاوبه‌شه‌كانی ده‌دات چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و سیستمی به‌رگری ئاسمانی زیاتری بۆ ره‌وانه بكه‌ن.
PM:03:27:19/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 576
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت