بارزانی: دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت مافی دەنگدەران پێشێلكرابێت

‌دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت "پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و داوا دەكات بە زووترینكات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكییانەی رێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست، چارەسەر بكرێن".

مەسعود بارزانی رۆژی چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر ئەم قسانەی لەمیانی پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

بارزانی ئاماژەی بەوەداوە هەر لەدوای راپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان.

سەرۆکی پارتی رایگەیاندووە، "ئەو تێبینییانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە" دەشڵێت "پارتی لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتییەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە".

بارزانی جەختیشی لەوە كردووەتەوە، "پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی راستەقینەی گەلی كوردستان بێت".

بارزانی هێماشی بەوەداوە كە ناكرێت لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە، هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیاییشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێلكرابێت.

مەسعود بارزانی، هیواشی خواست كە بە بەشداریی هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی راستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە یەكێتیی ئەوروپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات.

راشیگەیاندووە، "هەم یەكێتیی ئەوروپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتییانە و سەركەوتوو نابێت".


PM:06:31:17/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت