ناتانیاهۆ بۆ حه‌ماس: گره‌و له‌سه‌ر فشاره‌كان مه‌كه‌ن چونكه سودی نابێت
بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل
وێستگهنیوزـ
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 27ی ئازاری 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، رایگه‌یاند ئامانج له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ردانی دوو گه‌وره یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی كه بڕیاربوو له‌م هه‌فته‌یه‌دا، سه‌ردانی واشنتۆن بكه‌ن، ناردنی په‌یامێكه بۆ حه‌ماس، به‌وه‌ی ئیسرائیل ناچێته ژێر باری زیادبوونی فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ راگرتنی شه‌ڕه‌كه له غه‌ززه.
ناتانیاهۆ، له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سیناتۆری ئه‌مریكی ریك سكۆت كه له ئێستادا به سه‌ردانێك له ئیسرائیله، ده‌ڵێت: "په‌یامه‌كه سه‌ره‌تا و به‌ر له هه‌ر شتێك بۆ حه‌ماسه، گره‌و له‌سه‌ر فشاره‌كان مه‌كه‌ن، چونكه سودی نابێت".
بڕیاربوو شاندێكی ئیسرائیل سه‌ردانی واشنتۆن بكات، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ن، ده‌رباره‌ی پلانی ناتانیاهۆ بۆ هێرشكردنه سه‌ر شاری ره‌فح كه به‌شی زۆری دانیشتوانی غه‌ززه په‌نای بۆ بردووه.
به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، كه تیایدا بڕیاردرا ئاگربه‌ست له غه‌ززه رابگه‌یه‌نرێت و ئه‌مریكا ده‌نگی له‌سه‌ر بریاره‌كه نه‌دا و مافی ڤیتۆی بۆ په‌كخستنی بریاره‌كه به‌كارنه‌هێنا، ئیسرائیل ناردنی شانده‌كه‌ی بۆ واشنتۆن هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
ئاشكرایه له ماوه‌ی شه‌ڕی غه‌ززه، ئه‌مریكا له رووی سه‌ربازی و دیبلۆماسییه‌وه، پشتگیری ئیسرائیلی كردووه. به‌ڵام ئه‌مریكا نیگه‌رانه له به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كوژرانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له كه‌رتی غه‌ززه و خراپبوونی دۆخی مرۆیی، له‌م رووه‌وه پێناخۆشبوونی خۆی به ئیسرائیل راگه‌یاندووه.
له‌م باره‌یه‌وه، رۆژی سێشه‌ممه 26ی ئازاری 2024، لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا، به هاوتا ئیسرائیلییه‌كه‌ی یواف گالانت راگه‌یاندووه كۆی قوربانییه مه‌ده‌نییه‌كان له غه‌ززه "زۆر به‌رزه" و پێشنیازی هه‌ندێك به‌دیلی دیكه‌ی كردووه، بۆ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه گه‌وره‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری كه‌رتی غه‌ززه.
ئۆستن له سه‌ره‌تای چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گالانت ده‌ڵێت: "ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی زۆر به‌رزه و بڕی یارمه‌تییه مرۆییه‌كان تا بڵێی كه‌مه".
به‌رپرسێكی گه‌وره له پنتاگۆن، دوای كۆبوونه‌وه‌كه به رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاندووه، ئۆستن هیواداربووه دانوستانه‌كان: "به‌م نزیكانه ئازادكردنی سه‌رجه‌م گیراوه‌كانی لێبكه‌وێته‌وه".
PM:10:45:27/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 972
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت