فازڵ میرانی: خەڵكێك هەیە لە ئێمە زیاتر سوودی لە تەزویر وەرگرتووە

‌فازڵ میرانی

وێستگه‌ نیوز ـ
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "لێره‌و له‌وێ باسی ئەوە دەكەن كە پارتی بە تەزویر دەرچووە، به‌ڵام وا نییە، بەڵام خەڵكێك هەبوە لە ئێمە زیاتر سوودی لە تەزویر وەرگرتووە". دەشڵێـت، "لە هەڵبژاردندێكدا یەكێك لە شەریكەكانی ئێمە كەمترین كورسیی هێنابوو، كردمان بە سەرۆكوەزیران".


فازڵ میرانی، لە وتارێكدا لە ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەی، باسی له‌وه‌شكرد: "لە دوای رووداوەكانی پاش ریفراندۆم، وەك كاك مەلا بەختیار دەڵێت (كاڵفامەكان) لێرە و لەوێ‌، لای خۆمان و لە بەغدایش، ویستیان ئەم دەستكەوتە نەهێڵن و بیرۆكەكەی كاڵ بكەنەوە".

سەبارەت بەو لایه‌نانه‌ی قسە لەسەر حزبەكەی دەكەن، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: "ئەوەی سەیرە مونافیسینی ئێمە، تەنیا باسی ئێمە دەكەن، واتە ئێمە بە تەنیاین هەرچیمان كردبێت بە چاك و خراپەوە، ئەی خۆتان؟".

فازڵ میرانی وتیشی: "زەحمەت نەبێت با واز لە یەكتر بهێنین و لەبری ئەوەی بە خراپە باسی یەكتر بكەین، با باسی چاكەكانی خۆمان بكەین".

راشیگه‌یاند: "لە 10-10 سەركەوتنێكی گەورە و زۆرینەیەكی تر لە كورسی دەهێنینەوە".

فازڵ میرانی، چیرۆكی سەردانێكی پۆڵ بیرمەری حاكمی مەدەنی عیراقی بۆ لای مەسعود بارزانی گێڕایەوە و وتی "رۆژێك پۆڵ بریمەر دەیویست بێتەوە بۆ لای جەنابی سەرۆك، لە حەمرین بەولاوە تۆز و عاسیفە بووە، لە حەمرین بەملاوەیش بەفر بووە، ناچار بوون بە تەیارە بێنەوە. پۆڵ بریمەر وتی: سەرۆك بارزانی ئەم وڵاتە سەیرە، لەوبەری حەمرین وا بووە و مەمبەریش وا بووە. سەرۆك بارزانییش وتی: ئاخر مستەر بریمەر، خوا ئەم وڵاتەی‌ بەش كردووە، ئێوە دەتانەوێت سنوورەكانی خوا بگۆڕن".


PM:04:53:28/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو