عه‌لی ته‌ته‌ر: سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پارێزگای دهۆك هه‌میشه‌ به‌ده‌ستی پڕه‌وه‌ بووه

‌عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك

وێستگه‌ نیوز ـ
عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك له‌ رێوره‌سمی راگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ئاشكرای كرد، سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارێزگای دهۆك هه‌میشه‌ به‌ده‌ستی پڕه‌وه‌ بووه‌، كه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌گوزاری پێشكه‌شی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كردووه‌.



پارێزگاری دهۆك باسی له‌وه‌شكرد: "سوپاسی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌ین، كه‌ پێشتر ئه‌و مزگێنییه‌ی به‌ ئێمه‌ داوه‌، بۆیه‌ راگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنه‌ و پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌م، كه‌ له‌ رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێكی باش و كارئاسانی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌مان ده‌كات".

هه‌روه‌ها وتی‌: "ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ دوو قه‌زا و سێ ناحیه‌ پێكدێت، ژماره‌ی دانیشتوانی 302 هه‌زار كه‌سه‌، رووبه‌ره‌كه‌ی هه‌زار و 209 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌، 187 گوند و حه‌وت كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون له‌خۆده‌گرێت، 54 فه‌رمانگه‌ی حكومی هه‌یه‌ و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی هه‌زار و 455 كه‌سه‌. له‌ زاخۆ 17 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ هه‌یه‌، كه‌ 90 هه‌زار ئاواره‌ له‌و سنووره‌ ده‌ژین".

عه‌لی ته‌ته‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌ر‌ كاتێك سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانی پارێزگای دهۆكی كردبێت‌، سه‌ردانه‌كه‌ی پڕ به‌ره‌كه‌ت و به‌ ده‌ستی پڕه‌وه‌ بووه‌‌، ساڵی پار به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 66 ملیار دینار، 110 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ ناوچه‌كه‌ كرد، ئه‌مساڵیش 36 پڕۆژه‌ی دیكه‌ی پێشكه‌شكراوه‌، كه‌ 35 پڕۆژه‌ی ته‌واو بووه‌، زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانیش به‌ر له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا ته‌واو كراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و راگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، باشترین خزمه‌ته‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شی ئێمه‌ی كردووه‌، رێزگرتن و ئاسانكارییه‌، كه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵك كراوه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی رووتینه‌ و بۆ خێرا جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌".


PM:02:03:20/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت