بودجه‌ی پرۆژه‌كانی سلێمانی، ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین په‌سه‌ند كرا

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا، به‌ كۆی ده‌نگ بودجه‌ی پرۆژه‌كانی پارێزگای سلێمانی، ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئیداره‌ی راپه‌ڕین په‌سه‌ند كرا.



ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: کە لەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، دوای دەستبەکاربوونی لە 24ی حوەزیرانی 2014دا، بۆ یەکەمجار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بە ژمارە ھاتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەو بودجەیەش کە ھاتووە، پشکەکانی پارێزگای سڵیمانی، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای ھەڵەبجەیش بەجیا ھاتووە کە وەزارەتی پلاندانان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەشی کردووە و بودجەکەیش کە لە بودجەی گشتیی عیراق بۆساڵی 2021 بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکاندا، دیاریی کراوە.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی باسی له‌وه‌شكرد: "لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکاندا، پشکی پارێزگای سلێمانی بە بڕی 65 ملیار و 682 ملیۆن دینار و پشکی ئیدارەی گەرمیان بە بڕی 12 ملیار و 546 ملیۆن دینار و پشکی ئیدارەی راپەڕینیش بە بڕی 16 ملیار و 974 ملیۆن دینار دیاریی کراوە".

ئاماژەی بەوەشدا کە بەدەنگی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، جگە لە یەک ئەندام، کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەسەندکرا.

 


PM:05:39:13/07/2021


ئه‌م بابه‌ته 1864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو