شاسوار عەبدولواحید: تەحەدای دەسەڵات دەکەین و به‌نزین ده‌كه‌ینه‌ 500 دینار

‌شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

وێستگەنیوز-

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بەشێکی بەرچاوی ئەو پارەیەی بەناوی باج و گرانبوونی نرخی بەنزین لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت داهاتەکەی بۆ حزبەکان دەچێت نەک حکومەتی هەرێم، بۆیە دەڵێت "تەحەدای دەسەڵات دەکەین ئەگەر رێگەمان بدەن دەتوانین  بەنزین بهێنین لیتری بە 500 دینار دەیفرۆشین".

شاسوار عەبدولواحید لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەشکردوە، "تەحەدای حکومەت  و دەسەڵاتداران دەکەم ئەگەر راست دەکەن و ئەم پارەی زیادەی بەنزینە بۆ حیزب نییە، ئەوا رێمان بدەن ئێمە چەندین بازرگان هەیە کە ئەمرۆ لیژنەی تایبەتم راسپاردووە و قسەیان لەگەڵ کردوون دەتوانن بەنزین بهێنن و لیتری بە 500 دینار بفرۆشن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەمەی ئێستا رودەدات سەرانەسەندنی ئاشکرایە لە خەڵک بۆ دوو کۆمپانیای حیزبی، چونکە هەم گومرگی هەموو لیترێک بەنزین  75 دینارە و هەمیش دوو کۆمپانیای سەر سنورەکان لە ئێستادا 125 دینار وەردەگرن بۆ یەک لیتر بەنزین، کە بە هەردوکی 200 دینار وەردەگرن زیادە(ئەمە جگە لەوەی ئێستا 50 دینار قازانج زیاتر خراوەتە سەر نرخی فرۆشتنەکەش)".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستوەتەڕو، با خەڵکی کوردستان بزانن کە ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات لە ئێستادا تەنها موچە نابڕن و فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانیان باج و سەرانە لەخەڵک ناسەنن، بەڵکو "نەخۆشخانەکان دادەخەن و بەنزین  گران دەکەن بۆ خۆیان و خوێندن و تەواوی سێکتەرەکانی تریشیان وێران کردوە".

باسی لەوەشکردوە، "ئەگەر حکومەت و دوو حیزبی دەسەڵات راست دەکات  و دەڵێت بەنزین لە بازارەکانی جیهان گران بووە، ئەوا فەرموو رێ بدە با ئێمە چارەسەری بکەین، بەسە ئەم هەموو فشارە لەسەر خەڵک، خەڵک موچەکەشی بە تەواوی نادەنێ، بە نیازن بە چەند جۆری تر پارەیان لێبدزن؟ تۆزێک شەرمتان بێت، دزیش سنوری خۆی هەیە".


PM:10:53:19/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 5652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو