كازم فاروق: پارەی تەواوی مووچە ئامادهیه بەڵام پارتی و یەکێتی دابەشی ناکەن
كازم فاروق
وێستگه نیوز ـ
سهرۆكی فراكسیۆنی نهوهی نوێ له پهرلهمانی كوردستان ئاشكرای دهكات كه نزیکەی ھەفتەیەکە پارەی تەواوی مووچە ئامادهبوو بۆئەوەی دابەشبکرێت، بەڵام سیناریۆ و ململانێی "نائەخلاقی"ەکانی پارتی و یەکێتی لە حکومەت و لەناو پەرلەمان وایکردووە کە مووچە دواکەوێت.
كازم فاروق، سهرۆكی فراكسیۆنی نهوهی نوێ له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاندووه: "خۆ بینیتان کە چۆن لە کۆبونەوەی پێشووی پەرلەمان پارتی و یەکێتی لەناو ھۆڵی پەرلەمان ھەرچی دزی و فزی یەکتر ھەیە لە خاڵە سنووریەکانی ھەردوولا (ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان و ھتد...) ئاشكرایان کرد و ھەریەکەیان دەیوت بەھۆی دزیەکانی ئەویترەوە مووچە دوادەکەوێت".
دهشڵێت: "ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە لەرووی ئەخلاقەوە ناتەواوە تەنانەت رێز لە قسەی خۆشیان ناگرن، ھەر یەکێتی نەبوو وتی پاشەکەوتی مووچەکانیشتان بۆدەگێڕینەوە؟ پارتی نەبوو وتی لەمەودوا 30 رۆژ جارێک بەبێ دواکەوتن مووچە دابەشدەکرێت؟ تۆبڵێی دوای ئەم ھەموو درۆ گەورەیە خەڵک دووبارە باوەڕ بە درۆ تازەکانیان بکات و دەنگیان پێبداتەوە؟".
كازم فاروق باسی له ههڵوێستی فراكسیۆنهكهی كردووه له پهرلهمانی كوردستان لهسهر ئهو پرسه لهو روهوه دهڵێت: "خوای گەورە و خەڵکیش شاھیدی ھەڵوێستەکانی رابردوومانن لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، تەنھا لەساڵی 2020دا سێ خۆپیشاندانی گەورەمان دژی بڕینی مووچە و دزی و ناعەدالەتی ئەنجامدا، ئێستاش خەریکی ئامادەکارین بۆ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری و پێویستە هەمووان لەگەڵمان بن و پشتیوانمان بن بۆ داواکردنی مافی خۆیان (پێکەوە لەگەڵ خەڵک و گروپ و لایەنە نارازیەکان)".
ئهمه لهكاتێكدایه ههر ئهمڕۆ عهلی حهمه ساڵح، پهرلهمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له پهرلهمانی كوردستان له نووسینێكدا وتی: "ئەمڕۆ بۆ ھۆکاری دابەشنەکردنی موچە بەدواداچونم کرد، بەداخەوە پارەی پێویست ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و حیزب دەستی بەسەر داھاتدا گرتوە، جگە لە داھاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا داھاتی نەوتیش نەھاتوەتەوە خەزێنەی گشتی..بۆیە دابەشکردنی موچە لە ئاستێکی زۆر سستدایە. حوکمڕانی و گەندەڵی و دزینی داھاتی گشتی لە قۆناغێکی مەترسیداردایە".
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشکردووە کە حزبەکان دەستیان بەسەر داھاتی ناوخۆو پارێزگاکانیشدا گرتوەو ناھێڵن موچەی پێدابەشبکرێ و دەشڵێت "تەنانەت ئەو 21 دۆلارەی لە بەرمیلێک نەوت دەگەڕایەوە تاوەکو ئێستا ناڕونە".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوا لە وەزیری دارایی دەکات کە لەسەر پشکی بزووتنهوهکەیەتی بچێتە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە بدات و دەڵێت "ئەرکی وەزیری داراییە لە زووترین کاتدا بێتە پەرلەمان و ھەموو ئەو ڕاستیانە بڵێت، کە ئامادەش نین دەستبەرداری تاڵانی ببن، ئەم قاسە بەتاڵەیان بدرێتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە مانگی ڕابردوو بە پێنج ڕۆژ وەزارەتی دارایی مووچەی سەرجەم شوێن و وەزارەتەکانی دابەشکرد، بەڵام ئەم مانگە بە دوو رۆژ دەتوانێت تەنها مووچەی یەک وەزارەت دابەش بکات.
PM:07:25:01/06/2021
ئهم بابهته 5444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت