ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕادەگیرێت

‌دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ

وێستگە نیوز-

لە یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا و لە رۆژی پێنجشەممە 13ی ئایاری 2021. ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ 24کاتژمێر لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕادەگیرێت.


ئیسماعیل عەلی ئاغا، لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، " ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەنها یەكەم ڕۆژی جەژن دەبێت، و ڕۆژانی دواتر ئاڵوگۆری بازرگانی ئاسایی دەبێتەوە".

دەربارەی هاتووچۆكردنی هاووڵاتیان و گەشتیاران لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە و یان بەپێچەوانەوە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی باشماخ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "لەلایەن ئێرانەوە قەدەغەی گەشتكردنی هاوڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە تا 21-5  درێژكراوەتەوە و تەنها ڕێگە بە ئەو كەسانە دەدرێت كە بە مەبەستی نەخۆشی و خوێندن یاخود كارتی مانەوەی ئێرانیان هەیە".

ئەو ڕاگیرانە کاتییەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە کاتێکدایە، وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە تەواوكاری مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە و ڕۆژی پێنجشەممە (13ی ئایاری 2021) یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.  

ئەوەش لەكاتێكدایە دیوانی وەقفی سونی عێراق و وڵاتی سعودیەش رایانگەیاند، سبەینێ تەواوكەری مانگی رەمەزانە و رۆژی پێنجشەممە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.


PM:08:26:11/05/2021






ئه‌م بابه‌ته 1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت