کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: خوێندکارانی خوێندنى باڵا دەتوانن ببنە کارمەندی بنکەکانی دەنگدان


وێستگه‌ نیوز-
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیه‌نێت، پێشکه‌شکردنی داواکاری بۆ  کارمەندی کۆمیسیۆن لە رۆژی دەنگدان بەشێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت ، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات دوای جەژنی رەمەزان فۆڕمەکە رادەگەیه‌نرێت بۆ ئەمساڵ فەرمانبەران و خوێندکارانیش دەبنە کارمەندی کۆمیسیۆن.
 
حوسێن رەقیب، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمیسیۆن پێویستی بە نزیکەی 200 هەزار کارمەندە لەگەڵ فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئەمساڵ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانیش دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن."
 
ده‌رباره‌ى وادەی کردنەوەی دەرگەی پێشکه‌شکردن، بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن وتی "دوای جەژنی رەمەزان فۆڕمەکە ئامادە دەکرێت و دەخرێتە وێبسایتی کۆمیسیۆنەوە و پێشکێشکردن بەشێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت." هەروەها وتی "لەو ژمارەیە بەشێکی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت"، بەبێ ئەوەی ژمارەکە ئاشکرا بکات.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی ئارەزووی بوونە کارمەندی کۆمیسیۆن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەمساڵی 2021 دەکەن، پێویستە لانیکەم هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بن، لەگەڵ دیاریکردنی بەڕێوەبەرانی وێستگەکانی دەنگدان بەپێی پلەی فەرمەنبەرێتی بەرزتر و پسپۆڕیی خوێندن.

بەپێی رێسا کارپێکراوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نابێت ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە کارمەندی کۆمیسیۆن بۆ رۆژی دەنگدان بەربژێر یان نوێنەری پارتە سیاسییەکان یان چاودێر بن.
 
بڕیارە لە 10ـی تشرینى یه‌كه‌مى 2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. تێیدا 329 بەربژێر لەناو سەدان بەربژێر سەردەکەون.
 


PM:02:18:11/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو