دەستەی مافی مرۆڤ: بەئامانجگرتنی چالاکوانان پێشهاتێکی ئەمنی مەترسیدارە

‌بەشێک لەو چالاکوانانەی کوژراون

وێستگەنیوز-

دەستەی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، لەئێستادا هەڵمەتێکی دیکەی بەئامانجگرتنی چالاکوانان و ئەو کەسانەی خاوەن بیروڕان دەستیپێکردووە کەدواینیان کوژرانی ئیهاب جەواد وەزنی  و بریندارکردنی ئەحمەد حەسەن رۆژنامەنوسی کەناڵی فورات بووە، بۆیە داوا دەکەن حکومەت رێکاری پێویست بگرێتەبەر و دەزگا ئەمنییەکان بەشێوەیەکی راستەقینە لێکۆڵینەوە لەو روداوانە بکەن.

دەستەی مافی مرۆڤی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بەردەوامی سیناریۆی کوشتن و بەئامانجگرتنی چالاکوانان و ئەو کەسانەی خاوەن بیروڕان، پێشهاتێکی ئەمنی مەترسیدارە و ئەرکی حکومەتە لێکۆڵینەوەی راستەقینە بکات و تۆمەتباران راپێچی دادگا بکات.

باس لەوەشکراوە، داوا دەکەن حکومەت رێکاری پێویستی ئەمنی و هەواڵگری بگرێتەبەر و داواش لەهێزە ئەمنییەکان دەکەن بەمەبەستی پاراستنی متمانەیان، ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە لەپشت روداوەکانی بەئامانجگرتنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانن.

دوێنێ یەکشەممە ژمارەیەک چەکدار کە ماتۆڕسکیلیان پێ بووە هێرشیان کردە سەر ئیهاب جەواد وەزنی، چالاکوانی خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەم لە کەربەلا و کوشتیان، لەدەستپێکی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019شەوە، دەیان چالاکوان روبەڕوی کوشتن و رفاندن بونەتەوە لەلایەن چەکدارانی نەناسراو و تائێستاش چارەنوسی بەشێکیان نادیارە.


PM:09:53:10/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت