سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆدەبێتەوە

‌نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی هەرێم، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی دەکات لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی  وبزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێم بەوێستگەنیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسلێمانی سەردانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەکات و لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکاندا پرسی نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی پێشوختەی پەرلەمانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن.

سەرۆکی هەرێم دوێنێ دووشەممە لە هەولێر لەگەڵ عه‌لى باپير، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌ريى كوردستان و سه‌لاحه‌دين به‌هائه‌دين، ئه‌ميندارى گشتيى يه‌كگرتووى ئيسلاميى كوردستان کۆبووەوە و  باسی ئەو بابەتانەی کردوە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵ پێشنیازی کردووە، هەر لایەنێکی سیاسی کەسێک یان دوو کەس دیاری بکات کە پسپۆڕبن لەو بوارەدا و لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدا بن بۆ ئەوەی چۆنیەتی پێداچوونەوە بە دەستوور دیاری بکرێت و دواتر هەنگاوەکان بچنە پێش.
 
لەخولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور پێداچوونەوەی بۆ ژمارەیەک برگە و مادەی رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام چەند مادەیەک کە پەیوەندییان هەبوو بە ئایین، سیستمی سیاسی، بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکان بوو، بەوهۆیەش کۆبوونەوەکانی لیژنە هەڵپەسێردرا.

هـ.هـ
   


AM:09:07:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت