هاوسەرۆکی یەکێتی بەناراستەوخۆ پشتگیری لەمانەوەی بەرهەم ساڵح دەکات

‌لاهور شێخ جەنگی و بەرهەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانی

وێستگە نیوز-

هاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبونەوە، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت،" ئاماژەمان بە گرنگی ڕۆڵی نیشتیمانیی سەرۆككۆمار کرد بۆ كاركردن لەسەر یەکخستنی ڕیزەکان و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی، سوپاسی د.بەرهەممان کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی کە تیادا سەرکەوتوو بووە".


ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتی لە سلێمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، "هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە هەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمداوە بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا".

هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، "هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان".

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی پێشوازیمان کرد لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆککۆماری عێراق. لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئاماژەمان بە گرنگی ڕۆڵی نیشتیمانیی سەرۆككۆمار کرد بۆ كاركردن لەسەر یەکخستنی ڕیزەکان و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی بە پشتبەستن بە دەستوور كە بەشداری ڕاستەقینە و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێ‌، سوپاسی د.بەرهەممان کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی کە تیادا سەرکەوتوو بووە بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگانەی كە پێشتر هاتوونەتە پێش و تێپەڕاندنی كێشەكان بە شێوەیەكی ژیرانە كە خێر و بەرژەوەندیی گەلی تیادا بێ‌ بە هەموو پێكهاتەكانیەوە. باسمان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و ڕامانگەیاند کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەو ڕووەشەوە جەختمان لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد کە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت. باسمان لە بەستنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە هەنگاوێکی گرنگمان لە قەڵەمدا بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا.


PM:06:02:03/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو