هۆشیار عومەر: گۆڕان و یەکێتی لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی باشیان ناوه‌


وێستگه‌ نیوز-
دوو رۆژ ماوە لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان ده‌ڵێت، بۆ هاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەکێتیدا "لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی باش نراوە."
 
بەربژێرەکانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن دیاریکراون، بە وتەی هۆشیار عومەر کە  خۆی یەکێکە لە بەربژێرەکان لەمیانی بەشداریکردنی له‌ دیدارێكى ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، "پرۆسەی دیاریکردنی بەربژێرەکان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنەکان بووە، سلێمانی کراوە بە پێنج بازنەوە و هەر بازنەیەکیش قەزایەکە و ناحیەکانیەتی و بڕیارەکان دراوە بە ئەوان. بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لە هەر بازنەیەک بەربژێری هەبێت."
 
هۆشیار عومەر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هەموو هەنگاوەکانی دیاریکردنی بەربژێرەکان لە هەولێر، کەرکووک و سلێمانی تەواوبووە و تەنیا لە دهۆک ماوە. 
 
لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی، هۆشیار عومەر وتیشى، "لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە ئەم سیستمەی هەڵبژاردن هاوپەیمانی ئاسان نییە، ئەوەی هەیە دەکرێت چەند کارێک بکرێت لەوانە: "هەماهەنگی، ئارامی لەکاتی کامپەین و کەمکردنەوەی بەربژێرەکانە."
 
ئەو وتی، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون، ئەوا بەربژێرەکان کەمدەکەنەوە، "بۆ ئەوەی دەنگەکان پەرش و بڵاو نەبن، نەک ئەوەی دەنگدەری ئێمە دەنگ بدات بە بەربژێری یەکێتی یان دەنگدەری یەکێتی دەنگ بدات بە بەربژێری ئێمە."
 
 هۆشیار عومەرئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی بۆ هەموو کوردستانە. لەبارەی پەیوەندیکردنی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بۆ نێو هاوپەیمانێتییەکە گفتوگۆ و هەماهەنگی کراوە.
 
هۆشیار عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەمریکییەکان نازانن شەڕی کورد لەسەر چییە، "دەڵێن ئێمە لەبەغدا پێگەمان وەکو جاران نییە، لەبەرئەوەی کورد تەبا نییە." ئەو پێی وایە، نابێت کورد سیاسەت بە شەخسی بکات، بەڵکو دەبێت لەسەر پرۆژە و بەرنامە. 
 


PM:06:36:29/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت