پەرلەمانتارێک زانیاری نەزانراو لەسەر چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئاشکرادەکات

‌دیمەنێک لە نمایشی هێزەکانی پێشمەرگە

وێستگە نیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "ئەوەى گومان دەکرا سەبارەت بە هێزى 80ی پارتى و 70ى یەکێتى، کە ژمارەیان نزیکەى 80 هەزار کەسە وا دەرنەچوو، ژمارەیان 100 هەزار کەس بەرە و ژورە، 7 هەزار کەسیان بایۆمەترى نەکردوە".


دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لەبارەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئەوەى گومان دەکرا سەبارەت بە هێزى 80ی پارتى و 70ى یەکێتى، کە ژمارەیان نزیکەى 80 هەزار کەسە وا دەرنەچوو، ژمارەیان 100 هەزار کەس بەرە و ژوورە، 7 هەزار کەسیان بایۆمەترى نەکردووە، ئەم ژمارەیە گریمانەییە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە (بەردەوام لێیان دەخزێنرێتە وەزارەتى پێشمەرگە و خەڵکى نوێ دادەنرێن)، خانەنشینى، کەمئەندام، شەهید و بوودجەى تایبەت بە خۆیان هەیە، بەهۆى بێ متمانەیى و جیاوازى لە سیستمى کارکردن چاکسازى تێیاندا ئەستەم بوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئێستادا هەموو هەوڵێک ئەوەیە ئەم دو هێزە بلکێنرێت، بە وەزارەتى پێشمەرگەوە، بە چەند ڕێگەیەکى جیاواز، بەڵام ئەم جۆرە لکاندن کە ناوى لێنراوە چاکسازى، "دڵى بریتانیا و هاوپەیمانان خۆش ناکات، بە دەق لەسەر ئەم پرۆسەیە دەڵێن، وەزارەتى پێشمەرگە ئەو هێزانەى سەرپەرشتى دەکات، هێشتا کاریگەرى پارتە سیاسیەکانیان لەسەرە، لکاندنى هێزەکانى 70 و 80 بە وەزارەتى پێشمەرگە، ئەوە ناگەیەنێت، ئەم هێزانە کاریگەرى پارتە سیاسیەکانیان لەسەر لاچێت، ئەمەش ڕەوایەتى هێزى پێشمەرگە کەم دەکاتەوە و رێگرە لە هەوڵەکان بۆ چاکسازى و یارمەتى تەشەنەسەندنى گەندەڵى و مەحسوبیەت دەدات".

دابان محەمەد باسی لەوەشکردوە، "بە گشتى 170 هەزار خانەنشینى پێشمەرگە هەیە،  سێ هەزار ئەفسەریش لە چاوەڕوانى خانەنشین بوندان بە پێى یاساى ژمارەى 38ى ساڵى 2007، بریتانیەکان لەسەر ئەمە دەڵێن: یەکێک لە کێشە گەورە و ئاڵۆزەکان، موچە و شایستەکان و ڕاژە و خانەنشینیە، گرفتى بونى سەربازى تارمایى، بندیوار مەسەلەیەکە لێى تێدەگەین، ڕەفتارى گەندەڵى هەندێک لە ئەفسەرە باڵاکان، کارێکى دیارە و ناشاردرێتەوە، لەگەڵ هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بە بونى موچە و مافى ساختەى دیکە دەکەن هەندێک لەو ئەفسەرە باڵایانە، کە لەسایەیاندا جۆرێک لە ڕەفتارى گەندەڵى دەکەن، بەڵام هێشتا لە پۆستەکانى خۆیان ماونەتەوە، ئەنجامدانى چاکسازى کارێکى سەختە، قسە و کرداریان بۆ چاکسازى هاوتا نیە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "بریتانیەکان هەروەها تەئکید دەکەنەوە دەبێت چاکسازى لە هێزەکانى زێرەڤانى، بەرگرى و فریاکەوتن بکرێت کە سەر بە وەزارەتى ناوخۆن، چونکە ژمارە و میلاکیان بۆ ئەوان ڕون نیە".


AM:11:54:17/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت