هانی موجتەهیدی بە "نیشتیمان"ەوە دەگەڕێتەوە و کلیپێکی نوێی نیشتیمانپەروەری بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایل-
هانی موجتەهیدی بە "نیشتیمان"ەوە دەگەڕێتەوە و کلیپێکی نوێی نیشتیمانپەروەری بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خانمە هونەرمەند و دەنگخۆشی ناسراوی کورد، هانی موجتەهیدی، لە نوێترین دەرکەوتنیدا بەرهەمێکی هونەریی نوێی بەناوی "نیشتیمان" خستە بەردەست هەوادارانی، کە کارێکی جیاوازە و گوزارشت لە قوڵایی پەیوەندی مرۆڤ و خاک و نیشتیمان دەکات.
هانی لە ڕێگەی چەناڵی فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی یوتیوب، کلیپی گۆرانی "نیشتیمان"ی بڵاوکردەوە، ئەم بەرهەمە کە بە شێوازی "پۆپ" ئامادەکراوە، پەیامێکی پڕ لە سۆز و وەفا بۆ خاکی کوردستان لەخۆدەگرێت، لە ڕووی بینراویشەوە، هانی لەناو دڵگیری سروشتی کوردستاندا و بە پۆشینی جلی ڕەسەنی کوردییەوە دەرکەوتووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و جوانیی کلتووری کوردە لە کارەکانیدا.
سەبارەت بە ستاف و لایەنی تەکنیکی کارە هونەرییەکە، تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن شاعیر "ئەحمەد محەمەد"ەوە نووسراوە، کە تێیدا بە وشەی پڕ مانا و هەستبزوێن باسی نیشتیمان دەکات، هەروەها "سیامەند محەمەدی" ئەرکی داڕشتنی میوزیک و دابەشکردنی بۆ گۆرانییەکە لە ئەستۆ بووە، کلیپەکەش لە دەرهێنانی "ڕەوا فاروق"ە کە توانیویەتی بە دیدگایەکی هونەرییەوە هاوسەنگی نێوان دەنگ و دیمەنە سروشتییەکان بپارێزێت.
ئەم چالاکییە نوێیەی هانی موجتەهیدی دوای زنجیرەیەک سەرکەوتنی بەرچاو دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستی هێناون، لە چەند مانگی کۆتاییدا، ئەم خانمە گۆرانیبێژە هەردوو گۆرانی "گەردون" و "زیندەگانی" بڵاوکردەوە، کە دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆریان هەبوو و پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، بینەرێکی زۆریان لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆکردەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هانی هەمیشە هەوڵ دەدات بە ستایلی جیاواز و کوالێتی بەرزەوە لە گۆڕەپانی هونەری کوردیدا بمێنێتەوە.
بەم بەرهەمە نوێیە، هانی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ناسنامە و شێوازی تایبەتی خۆی دەکاتەوە و هەوادارانی چاوەڕێی کار و پڕۆژەی گەورەتری لێ دەکەن لە داهاتوودا، بەتایبەت کە ئەو هەمیشە لە کارەکانیدا تێکەڵەیەک لە مۆدێرنیتە و فۆلکلۆر نیشان دەدات و پەیامی مرۆیی و نەتەوەیی لەپێشینەی کارەکانین.
سەرچاوە: یوتیوبی فەرمی هانی - تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
PM:07:39:20/06/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه