تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانی پەتایەکی گشتگیری نوێی ئەنفلۆنزا دەدات
وێستگە ستایل-
تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانی پەتایەکی گشتگیری نوێی ئەنفلۆنزا دەدات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری دەرکەوتنی ڤایرۆسێکی نوێی ئەنفلۆنزای جۆری (A) کە هەڵگری بۆهێڵی ئاژەڵان بێت، ڕەنگە پەتایەکی گشتگیر سەرهەڵبدات و بە خێرایی لە جیهاندا بڵاو ببێتەوە.
سەرچاوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانی تووشبوونەکانی ئەنفلۆنزا بۆ پەتایەکی گشتگیر لەم وەرزەدا، ڕایگەیاندووە کە پەتای گشتگیری ئەنفلۆنزا کاتێک دروست دەبێت ڤایرۆسێکی نوێی جۆری (A) لە ڕێگەی پرۆسەی "لادانی دژەپەیداکەر"ەوە بۆهێڵی ئاژەڵانی وەک باڵندە یان بەراز وەربگرێت و توانای تووشکردنی مرۆڤ و گواستنەوەی کارای لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەبێت.
بە وتەی سەرچاوەکە، لە سیناریۆیەکی لەو جۆرەدا دانیشتووان هێشتا بەرگریی گشتییان (بەرگریی کۆمەڵ) پەیدا نەکردووە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە جەوهەرییانەشەوە لە پێکهاتەی ڤایرۆسەکەدا، بەرگری لای زۆرینەی خەڵک نزیک دەبێت لە نەبوون؛ ئەمەش ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە لە سەرتاسەری جیهان و زۆربەی کات لە دەرەوەی وەرزی ئاساییدا دەدات.
ئەنفلۆنزای جۆری (A) هەوکردنێکی توندی ڤایرۆسییە کە تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت و زۆربەی کات دەبێتە هۆی پەتای وەرزی. ئەم جۆرە توانای دروستکردنی پەتای گشتگیری هەیە، چونکە بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و تووشی هەموو تەمەنە جیاوازەکانی مرۆڤ و ئاژەڵانیش دەبێت.
ئەم جۆرە ئەنفلۆنزایە ڕەنگە ببێتە هۆی چەندین ماکی تەندروستیی وەک هەوکردنی سییەکان، هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، هەوکردنی گوێ، هەوکردنی کەلێنەکانی لووت یان توندبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان. هەروەها منداڵانی بچووک، بەساڵاچووان، خانمانی دووگیان، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە حاڵەتی توندی نەخۆشییەکەدان.
سەرچاوە: ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی
PM:01:21:21/11/2026
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه