پشکنینی خوێن دەتوانێت نیشانە سەرەتاییەکانی هەوکردنی درێژخایەنی ڕیخۆڵە ئاشکرا بکات
وێستگە ستایل-
پشکنینی خوێن دەتوانێت نیشانە سەرەتاییەکانی هەوکردنی درێژخایەنی ڕیخۆڵە ئاشکرا بکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
توێژەران چەندین نیشانەی کۆئەندامی بەرگرییان دۆزیوەتەوە کە دەکرێت چەندین ساڵ پێش دەستنیشانکردنی فەرمی، ئاماژە بە تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی ڕیخۆڵە (IBD) بدەن، ئەمەش دەرگای پشکنینی زووەخت و چارەسەری باشتر دەکاتەوە.
ئەم دەرئەنجامانە لە کۆنفرانسی هەفتەی یەکێتیی کۆئەندامی هەرس لە ئەوروپا (UEG
Week 2026) خرایەڕوو، کە تێیدا پشکنین بۆ نموونەی خوێنی ٥٠٠ کەس کرا، لە نێویاندا ئەوانەی دواتر تووشی نەخۆشیی کرۆن یان هەوکردنی برینکاری کۆڵۆن بوون، بەراورد بە کەسانی تەندروست، بە شێوەیەک هەندێک لە نموونەکان هی ١٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی نەخۆشییەکە بوون.
تیمی توێژینەوەکە جیاوازییان لە دژەتەنەکانی پەیوەست بەو دوو نەخۆشییەدا دۆزییەوە و لە ڕێگەی فێربوونی ئامێرەوە توانییان ئەو کەسانەی دواتر تووش دەبن لە کەسانی تەندروست جیا بکەنەوە.
نەخۆشیی هەوکردنی ڕیخۆڵە دەبێتە هۆی هەوکردنی بەردەوامی کۆئەندامی هەرس و نیشانەکانی وەک ئازاری سک، سکچوون و ماندوێتی دروست دەکات، بۆیە دۆزینەوەی ئەم
گۆڕانکارییە بایۆلۆجییانە پێش سەرهەڵدانی نیشانەکان زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی پەرەسەندنی نەخۆشییەکە.
ئەم توێژینەوەیە هێشتا سەرەتاییە و نەبووەتە پشکنینێکی ئاسایی ڕۆژانە لە تاقیگەکاندا، پێویستی بە توێژینەوەی فراوانتر لەسەر ژمارەیەکی زیاتری خەڵک هەیە تاوەکو لە ڕاستیی ئەنجامەکانی دڵنیا ببنەوە.
لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، دەستنیشانکردنی ئەم دژەتەنانە دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پلانە تەندروستییەکانی داهاتوو بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی مەترسیی تووشبوونیان لەسەرە، تاوەکو لە ژێر چاودێری و چارەسەری پێشوەختەدا بن.
کۆنفرانسی هەفتەی یەکێتیی کۆئەندامی هەرس لە ئەوروپا (UEG Week)
PM:11:27:24/10/2026
ئهم بابهته 168
جار خوێنراوهتهوه