توێژینەوەیەکی نوێ چۆنیەتی پیربوونی کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ دیاری دەکات
وێستگە ستایل-
توێژینەوەیەکی نوێ چۆنیەتی پیربوونی کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ دیاری دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
زانایانی چەند ناوەندێکی ئەکادیمی نەخشەیەکی وردی پیربوونی کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤیان پەرەپێداوە، کە لەوانەیە یارمەتی توێژەران بدات ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە مەترسی زیاتری تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەسەرە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەلایەن زانایانی کۆلێژی کینگزی لەندەن، کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی واشنتۆن و نەخۆشخانەی نەتەوەیی منداڵان ئەنجامدراوە، و پشکنینی بۆ نزیکەی 12.4 ملیۆن خانەی بەرگری کردووە لە نموونەی خوێنی 2,609 کەسی پێگەیشتووی تەمەن 20 بۆ زیاتر لە 90 ساڵ. توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە کە چۆن خانەکانی بەرگری لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا دەگۆڕێن و بۆچی هەندێک کەس تەندروستتر دەمێننەوە.
تیمەکە جیاوازییەکانی نێوان دوو جۆری خانەکانی بەرگرییان دەستنیشان کردووە کە پەیوەستن بە هەوکردن و توانای لەش بۆ بەرپەرچدانەوەی نەخۆشی. شیکارییەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی شێوازێکی دیاریکراوی خانەکانی بەرگرییان هەیە، مەترسی
زیاتری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرەی جۆری دووەم، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی جگەر و لەکارکەوتنی گورچیلە لەسەرە.
توێژەران سوودیان لە زانیارییە تەندروستییەکانی بانکی بایۆلۆجیی بەریتانیا (UK
Biobank) وەرگرتووە کە چاودێری سەدان هەزار بەشداربوو دەکات. دەرەنجامەکانیان دەریدەخات کە پیربوونی بایۆلۆجی بە هەمان خێرایی لە هەموواندا ڕوونادات، تەنانەت لەنێوان ئەو کەسانەشدا کە لە هەمان ساڵدا لەدایکبوون.
ئەم دۆزینەوەیە لە داهاتوودا دەتوانێت پاڵپشتی لە پەرەپێدانی پشکنینی خوێنی کەمتێچوو بکات بە مەبەستی ناسینەوەی نیشانەکانی پیربوونی ناتەندروستی بەرگری پێش دەرکەوتنی نەخۆشییە مەترسیدارەکان؛ هەرچەندە پێش ئەوەی ئەو جۆرە پشکنینانە ببنە بەشێک لە چاودێری پزیشکیی ڕۆژانە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.
گۆڤاری زانستیی Immunity (13ی ئۆکتۆبەری 2026)
PM:11:53:13/10/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه