‌زانایان میکانیزمی بەرگری خانەکانی مێشک لە نەخۆشی پارکینسۆن ئاشکرا دەکەن

وێستگە ستایل-

زانایان میکانیزمی بەرگری خانەکانی مێشک لە نەخۆشی پارکینسۆن ئاشکرا دەکەن


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد دۆزیویانەتەوە کە خانە بەرگرییەکانی مێشکی مرۆڤ (مایکرۆگلیا) دەتوانن دەمارەخانەکانی بەرهەمهێنەری دۆپامین لە کەڵەکەبوونی پرۆتینی ژەهراوی بپارێزن کە هۆکاری نەخۆشی پارکینسۆنە.


ئەم دۆزینەوە نوێیە ڕوانگەیەکی وردتر لەبارەی چۆنیەتی کارلێکی نێوان سیستمی بەرگری مێشک و دەمارەخانەکان دەخاتە ڕوو، کە هەنگاوێکی گرنگە لە تێگەیشتن لە نەخۆشییە تێکشکێنەرەکانی دەمار.


توێژینەوەکە دەریخستووە مایکرۆگلیا لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە کە پێی دەوترێت

(trogocytosis) بە شێوەیەکی دەستنیشانکراو کۆبوونەوەی زیانبەخشی پرۆتینی ئەلفا-سینوکلین لە دەمارەخانەکان لادەبات، کە لە ڕێگەی چەند ڕێڕەوێکی گەردیلەیی وەک

GPNMB، P2RY12 و CD22ـەوە ڕێکدەخرێت 


لە نەخۆشی پارکینسۆندا، لەناوچوونی دەمارەخانەکانی مێشک بەهۆی ئەم پرۆتینە ژەهراوییانەوەیە، بەڵام پێشتر وردەکاریی شێوازی پاراستنی سروشتیی لەلایەن سیستمی بەرگری مێشکەوە بە تەواوی نەزانرابوو.


ئەم دەستکەوتە زانستییە دەکرێت لە داهاتوودا ڕێگە بۆ بەرهەمهێنانی چارەسەرێکی نوێ خۆش بکات کە سیستمی بەرگری مێشک بەهێز بکات، هەرچەندە پێویستی بە تاقیکردنەوەی زیاترە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی بەکارهێنانی لە نەخۆشەکاندا.


زانکۆی ئۆکسفۆرد (University of Oxford)


PM:11:32:07/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل