لەسەر داوای منداڵێک؛ بەردی بناغەی بەشێکی تری نەخۆشخانەی هیوا لە ڕانیە دادەنرێت
وێستگە ستایل-
لەسەر داوای منداڵێک؛ بەردی بناغەی بەشێکی تری نەخۆشخانەی هیوا لە ڕانیە دادەنرێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند کە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەم داواکارییەکی "هاروون"ی منداڵەوە چووە و بڕیاردراوە بە زووترین کات بەردی بناغەی بەشێکی تری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری ڕانیە دابنرێت.
دوای ئەوەی هاروون، کە منداڵێکی چاوگەش و چارەخوازی نەخۆشخانەی هیوایە و نیشتەجێی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینە، لەگەڵ چەند چارەخوازێکی تر داوایەکی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بە هەوڵێکی جددی و درێژخایەن وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و ڕێکارە پێویستەکانی بۆ جێبەجێ کرد.
زەویی پڕۆژەکە لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و ڕێکارە ئیدارییەکانەوە بۆی جێبەجێ کراوە. هەروەها بودجەی تایبەت بۆ دروستکردنی ئەم سەنتەرە شێرپەنجەییە بە سوپاسەوە لەلایەن بنەماڵەی خێرخواز (جەلال حاجی ئەحمەد سێناجیانی) دابینکراوە.
نەخۆشخانەی هیوا گرتەیەکی ڤیدیۆیی هاروونی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری چارەخوازانی سنووری ڕاپەڕینە. هاوکات ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لەسەر داوای خودی هاروون و بە ڕەزامەندی کەسوکارەکەی بووە.
بە کردنەوەی ئەم بەشە نوێیەی نەخۆشخانەی هیوا لە ڕانیە، ئەرکی گەشت و هاتووچۆی نەخۆشەکانی ئەو دەڤەرە بۆ شاری سلێمانی سووکتر دەبێت و دەتوانن لە ناوچەکەی خۆیاندا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەربگرن.
ڕاگەیەندراوی نەخۆشخانەی هیوا
PM:10:16:29/08/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه