‌مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جنسییەکان و کاریگەرییە تێکدەرەکانیان لەسەر کۆمەڵگە

وێستگە ستایل-

مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جنسییەکان و کاریگەرییە تێکدەرەکانیان لەسەر کۆمەڵگە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جنسییەکان لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا لە جیهانی ئەمڕۆدا بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و مەترسیدار. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی تووشبووان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، ئەمەش هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ قەڵاچۆکردنی ئەم نەخۆشییانە پەکخستووە و هەڕەشە لە تەندروستی گشتی مرۆڤایەتی دەکات.


شارەزایان هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییانە بۆ ئەو ئازادییە بێ سنوورە دەگێڕنەوە کە بەناوی "مافی تاکەکەس"ەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەگەڵ پەرەسەندنی دیاردەی لەشفرۆشی و نەبوونی سانسۆر و یاسای توند. جگە لەمانە، قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، شەڕ، هەژاری و گەڕانەوەی گەشتیاران لە دەرەوە بەبێ پشکنین، دەستێکی باڵایان هەبووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە کوشندەکان لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا.


دیارترین ئەو نەخۆشییانەی کە هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەکەن بریتین لە "سۆزەنەک، سیفیلێس، هێرپس و ئایدز". نەخۆشی ئایدز (AIDS) وەک ترسناکترین نەخۆشی سەردەم دەناسرێت، چونکە سیستەمی بەرگری لەش تێکدەشکێنێت و خڕۆکە سپییەکان پەکدەخات. نیشانەکانی وەک ماندوێتی زۆر، دابەزینی کێش، هەناسەتەنگی و دەرکەوتنی پەڵەی سپی لەسەر زمان دەردەکەون. خاڵێکی زۆر مەترسیدار ئەوەیە کە ژنانی تووشبوو دەکرێت لە ڕێگەی شیرەوە ڤایرۆسەکە بۆ کۆرپەکانیان بگوازنەوە، بۆیە پێویستە ڕێگری لە دووگیانبوونیان بکرێت.


لە ڕووی مێژووییەوە، هەندێک لەم نەخۆشییانە وەک "سیفیلێس" مێژوویەکی کۆنیان هەیە و لە سەدەی پازدەهەمەوە لە ئەورووپا بڵاوبوونەتەوە. هەرچەندە دۆزینەوەی "پەنسلین" وnدژەبەکتریاکان یارمەتیدەر بوون لە کەمکردنەوەی هەندێک ئازار، بەڵام جۆرە نوێیەکانی نەخۆشییە جنسییەکان بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و پەیوەندییە نادروستەکان و نێربازییەوە بەردەوام لە پەرەسەندنی خێرادان و کار دەکەنە سەر پەکخستنی ئەندامەکانی زاوزێ و دروستبوونی نەزۆکی لە هەردوو ڕەگەزدا.


بۆ خۆپاراستن و بنبڕکردنی ئەم دیاردە مەترسیدارانە، پێویستە تاکەکان پابەندی بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بن و دووربکەونەوە لە پەیوەندییە ناشەرعییەکان. هەروەها پشکنینی وردی خوێن پێش گواستنەوە، بەکارنەهێنانی کەلوپەلی کەسانی تر، و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی ماددە بێهۆشکەرەکان، هەنگاوی سەرەکین بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوو لەم کارەساتە تەندروستییە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و سەرچاوەکانی توێژینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکان.


PM:04:52:26/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل