سوودێکی سەرسوڕهێنەری ڤیاگرا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە ئاشکرا دەبێت
وێستگە ستایل-
سوودێکی سەرسوڕهێنەری ڤیاگرا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە ئاشکرا دەبێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی کە لە ئیسرائیل ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە حەبی (ڤیاگرا)، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەری لاوازیی سێکسیی پیاوان بەکاردێت، دەشێت رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان لەناو جەستەدا، بەڵام ئەمە تەنها بە مەرجێکی تایبەت دەبێت.
توێژەرانی زانکۆی "وایزمان" ئاشکرایان کردووە کە کلیلی ئەم سەرکەوتنە لە تێکەڵکردنی دەرمانی ڤیاگرادایە لەگەڵ دەرمانی دابەزاندنی چەوریی کۆلیستڕۆڵ (ستاتینەکان)، بە جۆرێک کە کاردەکەن بۆ پەکخستنی توانای گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان و ڕێگریکردن لە گواستنەوەیان بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە.
پڕۆفیسۆر د. ئایەلێت ئێرێز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە خانە شێرپەنجەیییەکان بۆ گەشەکردن و جووڵەیان پێویستییەکی زۆریان بە کۆلیستڕۆڵ هەیە، تێبینییان کردووە کە ڤیاگرا وا لە کۆلیستڕۆڵەکە دەکات لەناو بەشێکی تایبەتی خانەکەدا بەند ببێت و رێگەی لێدەگیرێت وەک سووتەمەنی بۆ گەشەی شێرپەنجە بەکاربهێنرێت.
میکانیزمی کارکردنی ئەم دوو دەرمانە پێکەوە بەم شێوەیەیە: ڤیاگرا (سیلدینافیل) کۆلیستڕۆڵەکە لەناو کۆگای خانەکەدا زیندانی دەکات، هاوکات دەرمانی "ستاتین" ڕێگری دەکات لەوەی خانە شێرپەنجەییەکە کۆلیستڕۆڵی نوێ بۆ خۆی دروست بکات، بەمەش خانە شێرپەنجەیییەکە ڕووبەڕووی "برسیێتی کۆلیستڕۆڵ" دەبێتەوە و توانای جووڵە و بڵاوبوونەوەی لە جەستەدا نامێنێت.
ئەم دۆزینەوەیە هیوا تێیدایە کە لە داهاتوودا ڤیاگرا تەنها وەک دەرمانێکی سێکسی نەمێنێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە پرۆتۆکۆڵی چارەسەری شێرپەنجە بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە قۆناغی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکان.
سەرچاوە: گۆڤاری زانستی (Nature)، ماڵپەڕی زانکۆی وایزمان، میدیا تەندروستییە جیهانییەکان.
PM:08:52:12/08/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه