لە کەشتییەکی گەشتیارییەوە بۆ ناو جەرگەی مەرگ؛ ڤایرۆسێکی دەگمەن کارەسات
دەخوڵقێنێت
وێستگە ستایل-
لە کەشتییەکی گەشتیارییەوە بۆ ناو جەرگەی مەرگ؛ ڤایرۆسێکی دەگمەن کارەسات
دەخوڵقێنێت
سۆلین عوسمان - وێستگە ستایل
ترس و دڵەڕاوکێ جیهان دەگرێتەوە دوای ئەوەی ڤایرۆسێکی کوژەر و دەگمەن لەناو یەکێک
لە کەشتییە گەشتیارییە ناودارەکاندا بڵاوبووەوە. لە رووداوێکی کتوپڕدا، کەشتیی
گەشتیاریی (MV Hondius) بووەتە مەیدانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا"، کە
بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 115 کەسی دیکەش لەناو
کەشتییەکەدا نیشانەکانی تووشبوونیان تێدا دەرکەوتووە، ئەمەش وایکردووە تیمە
تەندروستییەکان باری نائاسایی رابگەیەنن.
کۆمپانیای (ئۆشنواید ئێکسپێدیشنز)ی هۆڵەندی، کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی ئەم
کەشتییە، وردەکارییەکی مەترسیداری ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە کە 149 کەس
لەناو کەشتییەکەدان. ئەم گەشتیارانە خەڵکی 23 وڵاتی جیاوازی جیهانن، کە زیاتر
لە 80یان گەشتیاری بەریتانی، ئەمریکی و ئیسپانیین. لە لایەکی دیکەوە، زۆرینەی
ستافی کارگوزاری و کارمەندانی کەشتییەکە خەڵکی وڵاتی فلیپینن، ئەم فرە
نەتەوەییە لەناو کەشتییەکەدا مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ وڵاتانی
دیکە زیاتر دەکات ئەگەر رێکاری خێرا نەگیرێتەبەر.
ئەو ڤایرۆسەی کەشتییەکەی پەکخستووە، لە جۆری (ئەندێز - Andes)ە، کە بە
مەترسیدارترین جۆری ڤایرۆسی هانتا دادەندرێت. بەپێی پشکنینی
تاقیگەکانی سویسرا و ئەفریقای باشوور، ئەم جۆرە تاکە ڤایرۆسی هانتایە کە
توانای هەیە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە سەرەتادا
بە لەرز و تا، سەرئێشەی توند، ئازاری ماسولکەکان و بێهێزی دەستپێدەکات، بەڵام کاتێک
دەگاتە قۆناغی مەترسیدار، تووشبوو تووشی هەناسەتەنگی توند دەبێت و شلە لە
سییەکانیدا کۆدەبێتەوە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی سستبوونی گورچیلەکان و
دابەزینی پەستانی خوێن، ئەگەر لە ژێر چاودێری چڕدا نەبێت، گیانلەدەستدانی
حەتمییە.
سەبارەت بە رێگەکانی گواستنەوە، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم ڤایرۆسە زۆرجار
لە رێگەی پاشماوەی وەک میز و لیکی جرج و مشکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، یان
لەرێگەی تێکەڵاوبوونی ئەو پاشماوانە بە ئاو و خۆراک. مەترسییەکە لێرەدا
کۆتایی نایەت، چونکە بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو یان دەستدان لەو
شوێنانەی پاشماوەی قرتێنەرەکانی لێیە و پاشان دەستدان لە دەم و لووت، رێگەی
سەرەکین بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە. هەرچەندە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت
مەترسییەکە بۆ سەر گشتیی خەڵک لە ئاستێکی نزمدایە و پێویستی بە بەریەککەوتنی زۆر
نزیک هەیە، بەڵام نەبوونی هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ڤایرۆسەکە،
ترسێکی گەورەی لای گەشتیاران دروستکردووە.
بۆ خۆپاراستن لەم مۆتەکەیە، پزیشکەکان جەخت لەسەر پاکوخاوێنییەکی توند دەکەنەوە.
پێویستە شوێنی مانەوە و دروستکردنی خۆراک بە ماددە کیمیاییە بەهێزەکان پاک
بکرێنەوە. لە کاتی پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی گومانی پاشماوەی مشک و جرجیان
لێدەکرێت، دەبێت حەتمەن دەمامک بەکاربێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هەواوە ڤایرۆسەکە
نەچێتە ناو کۆئەندامی هەناسە. لە ئێستادا تەنیا رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ
تووشبووان، پێدانی دەرمانی کەمکردنەوەی نیشانەکان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری
جەستەیە لە ژێر چاودێرییەکی وردی پزیشکیدا.
سەرچاوە: رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکان.
AM:11:04:09/05/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه