‌مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاد دەکەن؛ هۆشداریی بەپەلە دەدرێتە هاووڵاتییان

وێستگە ستایل-

مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاد دەکەن؛ هۆشداریی بەپەلە دەدرێتە هاووڵاتییان

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

هاوکات لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و ڕووکردنە وەرزی گەرما، مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون" جارێکی دیکە دەبنەوە بە باسی گەرمی ناوەندە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان. بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما ژینگەیەکی گونجاو بۆ چالاکبوونی ئەو مێرووانە دەڕەخسێنن کە ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن کە ئەم وەرزە یەکێکە لە مەترسیدارترین کاتەکان بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا.

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک لە نوێترین پەیامیدا بۆ هاونیشتمانییان ڕایگەیاند، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەنها پەیوەست نییە بە کاتێکی دیاریکراوەوە و هەمیشە ئەگەری هەبوونی لەنێو ئاژەڵاندا هەیە، بەڵام وەرزی گەرما دەبێتە هۆی چالاکبوونی زیاتری ڤایرۆسەکە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە هاووڵاتییان لەمەودوا بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت و هەموو جۆرە بەروبوومە ئاژەڵییەکاندا بکەن بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان نەخەنە مەترسییەوە.

لە وردەکاریی ڕێنماییەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کڕینی گۆشت لەو شوێنانەی لەژێر چاودێری ڤێتێرنەریدا نین، مەترسییەکی گەورەیە. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت تەنها ئەو گۆشتانە بکڕن کە مۆری کوشتارگە فەرمییەکانیان پێوەیە و لە کاتی دەستکاریکردنی گۆشتی خاو لە ناو ماڵەکاندا، حەتمەن دەستکێش بەکاربهێنن. چونکە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون دەکرێت لە ڕێگەی برینی سەر پێست یان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، کە لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون (CCHF) نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی توندە کە لە ڕێگەی مێرووی "گەنە"وە لە ئاژەڵە ماڵییەکانەوە دەگوازرێتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین شەپۆلی تووشبوونیان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە تیمە ڤێتێرنەرییەکان هەڵمەتەکانی ڕشتنی دەرمان و کۆنتڕۆڵکردنی مەیدانی چڕتر بکەنەوە. گەرما یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ زۆربوونی مێرووی گەنە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە لەنێوان ئاژەڵەکان و دواتریش بۆ مرۆڤ.

بەرپرسانی تەندروستی و ڤێتێرنەری دووپاتی دەکەنەوە کە پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەکان و دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، تەنها ڕێگەی بنبڕکردنی ئەم مەترسییەیە. هەروەها داوا لە ئاژەڵداران دەکرێت کە بەردەوام چاودێری ڕەوشی تەندروستی ئاژەڵەکانیان بکەن و لە کاتی بینینی هەر نیشانەیەکی نائاسایی، دەستبەجێ ناوەندە ڤێتێرنەرییەکان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ڕێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری نەخۆشییەکە بکرێت.

ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەریی دهۆک - تیمی چاودێری تەندروستی.



PM:10:33:19/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل