مێشکۆڵە؛ ئەو بەشەی مێشک کە زانایانی لە بواری زماندا تووشی سەرسوڕمان کرد
وێستگە ستایل-
مێشکۆڵە؛ ئەو بەشەی مێشک کە زانایانی لە بواری زماندا تووشی سەرسوڕمان کرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
زانایانی دەمار لە پەیمانگای مەکگۆڤەرنی سەر بە MIT دۆزینەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە کە دەری دەخات "مێشکۆڵە" (Cerebellum)، کە پێشتر تەنها وەک ناوەندی ڕێکخستنی جوڵە دەناسرا، ناوچەی تایبەتی تێدایە بۆ پرۆسەکردنی زمان. ئەم توێژینەوەیە کە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە گۆڤاری Neuron بڵاوکراوەتەوە، تێگەیشتنمان بۆ تۆڕی زمانی مێشک فراوانتر دەکات.
بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، تاقیگەی دکتۆر ئێڤێلینا فێدرێنکۆ ئامێری MRIیان بەکارهێناوە بۆ نەخشەکێشانی تۆڕی زمانی مێشک، بەڵام کۆڵتن کاستۆ، خوێندکاری دکتۆرا، بڕیاریدا سەیری چالاکییەکانی مێشکۆڵەی زیاتر لە ٨٠٠ کەس بکات. چالاکییەکە زۆر قورس بوو چونکە دەمارەکانی مێشکۆڵە زۆر چڕن و ناوچە جیاوازەکان زۆر لە یەک نزیکن
ئەنجامەکان دەریانخست کە چوار ناوچە لەناو مێشکۆڵەدا لە کاتی بەکارهێنانی زماندا چالاک دەبن. یەکێک لەو ناوچانە کە لە بەشی دواوەی لای ڕاستی مێشکۆڵەدایە، تایبەتمەندییەکی سەرسوڕهێنەری هەبوو؛ ئەم ناوچەیە تەنها لە کاتی زماندا چالاک دەبوو و لە کاتی ئەرکەکانی تردا بێدەنگ دەبوو. زانایان ئەم ناوچەیەیان ناوناوە "مانگی دەستکردی مێشکۆڵە" بۆ تۆڕی زمان، چونکە بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ ناوچە سەرەکییەکانی زمانی مێشک کاردەکات.
دکتۆر فێدرێنکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە ناوچە سەرەکییەکانی زمان لە توێکڵی مێشکدان، بەڵام پرۆسە ئاڵۆزەکانی ناسین و تێگەیشتن پێویستیان بەوەیە سیستمە جیاوازەکان پێکەوە کاربکەن. مێشکۆڵە لەوانەیە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێت لە فێربوونی زمان لە تەمەنی منداڵیدا یان فێربوونی زمانی نوێ لە تەمەنی گەورەیدا.
ئەم دۆزینەوەیە لایەنی پزیشکی گرنگی هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی "ئەفازیا" (تێکچوونی زمان) بوون بەهۆی جەڵتەی مێشک یان برینداری. لەبەر ئەوەی ناوچەی مێشکۆڵە زۆرجار بە سەلامەتی دەمێنێتەوە، دەکرێت لەرێگەی هاندانی دەمارییەوە ئەم ناوچەیە بەکاربهێنرێت بۆ گەڕاندنەوەی توانای قسەکردن بۆ نەخۆشەکان.
Neuron Journal
PM:08:27:17/03/2026
ئهم بابهته 24
جار خوێنراوهتهوه