٢٠٢٦ دەبێتە ساڵی گۆڕانکاری گەورە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی جگەردا
وێستگە ستایل-
٢٠٢٦ دەبێتە ساڵی گۆڕانکاری گەورە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی جگەردا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
نەخۆشییەکانی جگەر بە تایبەت جۆری (MASH) کە بەهۆی تێکچوونی میتابۆلیزم و چەورییەوە دروست دەبێت، چووەتە قۆناغێکی نوێوە. پزیشکان ساڵی ٢٠٢٦ بە "ساڵی کردار" ناو دەبەن، چونکە دوای چەندین ساڵ لە شکستی تاقیکردنەوەکان، ئێستا چەندین دەرمانی نوێ و کاریگەر گەیشتوونەتە بەردەست.
دکتۆر مازن نوورەدین، پڕۆفیسۆر لە نەخۆشخانەی هیوستن میتۆدیست، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا دوو دەرمانی سەرەکی ڕەزامەندییان وەرگرتووە. ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە بیسەلمێنن ئەم دەرمانانە دەتوانن لە ماوەی درێژخایەندا ڕێگری لە سارۆسیس (تێکچوونی تەواوی جگەر) و پەککەوتنی جگەر بگرن، کە پێشتر تەنها چارەسەریان چاندنی جگەری نوێ بوو.
جگە لەم دەرمانانە، چەندین تاقیکردنەوەی تری پێشکەوتوو لە قۆناغی کۆتاییدان، وەک دەرمانە جینییەکان و ئەو چارەسەرانەی کە کار لەسەر ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی جگەر. زانایان زۆر گەشبینن بەو داتایانەی کە تا ئێستا لە تاقیکردنەوەکانەوە بەدەست هاتوون، کە نیشانی دەدەن ڕێژەی چاکبوونەوە زۆر زیادی کردووە.
یەکێک لە ئالێنگەرییە گەورەکان ئەوەیە کە چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە بدۆزرێتەوە کە جگەریان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. دکتۆر مازن جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پێش ئەوەی جگەری نەخۆشەکە بە تەواوی لەکار بکەوێت، چارەسەرەکان بگەنە دەستیان. هەروەها هەوڵ دەدرێت پشکنینی سادەتر بەکاربێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە تا زووتر کۆنترۆڵ بکرێت.
پێشبینی دەکرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا، شێوازی چارەسەرکردنی جگەر بە تەواوی بگۆڕێت و نەخۆشی (MASH) چیتر وەک نەخۆشییەکی بێ چارەسەر نەبینرێت. ئەمە دەبێتە هیوا بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا کە بەهۆی چەوری جگەرەوە مەترسی مردنیان لەسەرە، و ئاستی پزیشکی لەم بوارەدا دەچێتە قۆناغێکی زۆر بەرزتر.
سەرچاوە: ئێچ سی پی لایڤ (HCPLive)
PM:09:10:04/03/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه