‌خواردنی میوەی وشککراو لە نانی بەیانیاندا؛ کلیلی تەمەنی درێژ و پاراستنی دڵ لە نەخۆشییەکان

وێستگە ستایل-

خواردنی میوەی وشککراو لە نانی بەیانیاندا؛ کلیلی تەمەنی درێژ و پاراستنی دڵ لە نەخۆشییەکان


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 


توێژینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای دەکات کە زیادکردنی میوەی وشککراو بۆ ژەمی بەیانیان، کاریگەرییەکی سەمەرەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی مەترسییەکانی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەدەستهێنانی تەمەنێکی درێژتر و جەستەیەکی تەندروستتر دادەنرێت.


ئەم دەرەنجامە گرنگانە لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی بەرفراوان هاتوون کە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیا لە وڵاتی چین ئەنجامدراوە. تیمە توێژەرەکە بۆ گەیشتن بەم ڕاستییانە، شیکاری وردیان بۆ خووی خواردن و شێوازی ژیانی ١٨٦ هەزار کەس کردووە، تاوەکو بزانن چۆن پێکهاتەکانی نانی بەیانی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تەمەنی مرۆڤ و بەرگری جەستە بەرامبەر نەخۆشییە کوشندەکان هەیە.


بەپێی داتاکانی ئەم توێژینەوەیە، زیادکردنی هەر جۆرە میوەیەکی وشککراو بۆ ژەمی بەیانی دەتوانێت ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی ١٨٪ و ئەگەری مردن بە نەخۆشی شێرپەنجە بە ڕێژەی ١١٪ کەم بکاتەوە. لە نێوان میوەکانیشدا، "کشمیش" وەک یەکێک لە کاریگەرترین جۆرەکان دەستنیشان کراوە، چونکە بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڕیشاڵی خۆراکی و ماددەی پۆلیفینۆڵ، یارمەتی ڕێکخستنی میتابۆلیزمی چەوری پڕۆتین دەدات و هەوکردن لە خوێنبەرەکاندا کەمدەکاتەوە، ئەمەش مەترسی جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی ١٨٪ نزم دەکاتەوە.


زانایان ڕوونی دەکەنەوە کە نهێنی ئەم سوودە گەورانە لەوەدایە کە پرۆسەی وشککردنەوەی میوەکان دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی ماددە خۆراکییە سروشتییەکان و ڕیشاڵەکان لە هەر پارچەیەکی بچووکدا. جگە لەوەش، میوە وشککراوەکان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی دژە ئۆکسانی بەهێزن، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی خانەکانی جەستە لە تێکچوون و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دروستبوونی گرێ شێرپەنجەییەکان و تێکچوونی سیستەمی سوڕی خوێن.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕینی نانی بەیانی لە ژەمێکی پڕ لە چەوری یان شەکرەوە بۆ ژەمێکی تەندروست کە میوەی وشککراوە و دانەوێڵەی تەواوی تێدابێت، هەنگاوێکی زۆر سادە بەڵام پڕ بایەخە. ئەم گۆڕانکارییە لە سیستەمی خۆراکیدا نەک هەر وزەیەکی بەردەوام بە جەستە دەبەخشێت، بەڵکو وەک قەڵغانێکی سروشتی دژی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کاردەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژتر بە تەندروستی بمێنێتەوە.


زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیا - چین


AM:10:42:29/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل