وەزارەتی تەندروستی هەرێم زەنگی مەترسی لەبارەی جۆرە شیرێکی منداڵان لێدەدات و لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەستپێدەکات
وێستگە ستایل-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم زەنگی مەترسی لەبارەی جۆرە شیرێکی منداڵان لێدەدات و لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەستپێدەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی سەبارەت بە بوونی ژەهر و بەکتریای کوشندە لە جۆرە شیرێکی قوتووی منداڵان کە لە ئاستی جیهانیدا فرۆشتنی قەدەخە کراوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەپەلە هاتە دەنگ و دەستی بە بنکۆڵکارییەکی چڕ کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە گومان دەکرێت ئەو جۆرە شیرە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ساوایان و تەندروستی گشتی.
د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لێکۆڵینەوەی ورد بۆ کواڵیتی ئەو شیرە قوتووانە دەکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەندین وڵات فرۆشتنیان راگیراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، شیری جۆری (NAN) کە ئێستا لەژێر گوماندایە، بە هیچ شێوەیەک بە رەزامەندیی فەرمی وەزارەتی تەندروستی هاوردە نەکراوە و لە رێگەی بازگەکانەوە بە قاچاخ هێنراوەتە ناو هەرێم، ئەمەش وایکردووە هیچ پشکنینێکی تاقیگەیی بۆ ئەنجام نەدرێت و لە کۆنتڕۆڵی تەندروستی دەرچوو بێت.
کۆمپانیای نێستڵ (Nestlé) ی جیهانی کە بنکە سەرەکییەکەی لە سویسرایە، بە فەرمی کشانەوەی بەرهەمەکانی (NAN) و (NINHO) ی لە بازاڕەکانی جیهان راگەیاندووە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەرکەوتووە شیرەکە بە جۆرە بەکتریایەک پیسبووە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ژەهر لەنێو قوتووەکەدا، ئەمەش نیشانەگەلێکی مەترسیداری وەک سکچوون و رشانەوەی توند و تێکچوونی باری تەندروستی لە منداڵاندا دروست دەکات. لە وڵاتانی بەریتانیا، سعوودیە، میسر، ئێرلەندا، سەنگاپوورا و تاجیکستان ئەم جۆرە شیرە لە پشکنینەکاندا دەرنەچووە و بە مەترسیدار بۆ بەکارهێنانی مرۆیی ناسێندراوە.
هاوکات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە منداڵان بەهۆی خواردنی ئەو شیرە ژەهراوی بوون. بەپێی زانیارییەکانی پەرستارێک لە شاری هەولێر، جۆرە نوێیەکەی شیری (NAN) کە لە بازاڕدایە، بووەتە هۆی ئەوەی چەندین منداڵ تووشی سکچوونی خوێناوی ببن. ئەم سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە کە جۆرە کۆنەکەی شیرەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە، بەڵام ئەم وەجبە نوێیەی کە هێنراوەتە ناو وڵات بە شێوەی قاچاخ و بەدەر لە رێنماییەکان، بەکارهێنانی مەترسییەکی جدییە بۆ سەر گیانی ساوایان.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە فەرمی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەو شیرەوە پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکەن بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ شیرە قوتووەکان بکەن و لە کڕینی ئەو جۆرانەی گومانیان لەسەرە دووربکەونەوە. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە تیمەکانی چاودێری بازاڕ لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمە قاچاخانەی کە بەبێ مۆڵەت و پشکنین لە دەرمانخانە و فرۆشگاکان بڵاوکراونەتەوە و سزای توند بۆ سەرپێچیکاران دەبێت.
سەرچاوە: وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان
PM:09:33:12/01/2026
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه