هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ دایکان و باوکان؛ شیری نێستڵ بەهۆی "بەکتریاوە" لە بازاڕەکان دەکشێنرێتەوە
وێستگە ستایل-
هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ دایکان و باوکان؛ شیری نێستڵ بەهۆی "بەکتریاوە" لە بازاڕەکان دەکشێنرێتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کۆمپانیای نێستڵ (Nestle)ـی سویسری، کە یەکێکە لە زەبەلاحترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خۆراک لە جیهاندا، بڕیارێکی بەپەلی دا بە کشانەوەی بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی شیری وشکی منداڵان لە بازاڕە جیهانییەکان، کە ئەم بڕیارە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
کۆمپانیاکە بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە شیری وشکی جۆری NINHO و NAN لە بازاڕەکان کۆکراونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ پیسبوونی شیرەکە بە بەکتریایەک دەگەڕێتەوە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی سکچوون و ڕشانەوەی توند لە منداڵاندا، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پشکنینە تاقیگەییەکان مەترسییەکانی ئەم بەرهەمەیان بۆ سەر تەندروستی منداڵان سەلماندووە.
هەرچەندە نێستڵ دەڵێت تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی فەرمیی ژەهراویبوون تۆمار نەکراوە، بەڵام بۆ سەلامەتیی گشتی بڕیاری کشانەوەیان داوە، لە چەندین وڵاتی وەک بەریتانیا، سعودیە و میسر ڕێکاری توند گیراوەتە بەر و لە تاجیکستانیش داوا لە خەڵک کراوە بە هیچ جۆرێک شیری NAN نەکڕن چونکە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان ناگونجێت و مەترسیدارە.
ئەمە یەکەمجار نییە نێستڵ ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ـەوە ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردبوو کە ئەم کۆمپانیایە شەکری زۆر دەخاتە نێو ئەو شیرانەی لە وڵاتانی کەمداهات دەیانفرۆشێت، لە کاتێکدا هەمان ئەو بەرهەمانە لە ناوخۆی سویسرا بێ شەکرن، ئەمەش جۆرێک لە جیاکاری و فێڵکردن لە تەندروستی منداڵانی وڵاتانی جیهانی سێیەم پیشان دەدات.
ئێستا نیگەرانییەکی زۆر لە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، چونکە جۆرەکانی گیگۆز و نیدال و نان زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە، پزیشکانیش داوا لە دایکان و باوکان دەکەن پێش کڕینی هەر شیرێک دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتی و ڕێکەوتی بەرهەمهێنانی تاوەکو منداڵەکانیان تووشی نەخۆشی نەبن.
سەرچاوە: ڕاپۆرتە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان
AM:03:00:12/01/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه