توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات ڕەنگە گەلەستێرەی ڕێگای شیری لە ناوچەیەکی چاوەڕواننەکراودا ئەستێرە دروست بکات
وێستگە ستایل-
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات ڕەنگە گەلەستێرەی ڕێگای شیری لە ناوچەیەکی چاوەڕواننەکراودا ئەستێرە دروست بکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئەستێرەناسان بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە دەریدەخات شەپۆلە بەهێزەکانی پەستان و تەوژم لە نزیک ناوەندی گەلەستێرەی ڕێگای شیری، ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە دروستکردنی ئەستێرەی نوێ لە ناوچەیەکدا کە بە شێوەیەکی گشتی دروستبوونی ئەستێرەی تێدا سەرکوت دەکرێت.
توێژینەوەکە کە لەلایەن زانا «هیلاری دەیڤس» لە زانکۆی سیدنی سەرپەرشتی دەکرێت، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن پێکهاتە خولاوە ناوەندییەکەی ڕێگای شیری، کە بە «شریتی گەلەستێری» (Galactic bar) ناسراوە، کاردەکاتە سەر هەورە گازییەکانی دەوروبەری. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هێزەکانی کێشکردن دەتوانن ئەم هەورانە بپەستێون و بارودۆخی گونجاو بۆ دروستبوونی ئەستێرەی زەبەلاح بڕەخسێنن. هەروەها دۆزینەوەکان بۆچوونە باوەکان دەربارەی قۆڵی لوولپێچیی «نۆرما» دەخەنە ژێر پرسیارەوە؛ هەندێک ناوچە کە پێشتر وەک بەشێک لەم قۆڵە دەستنیشان کرابوون، ڕەنگە لە ڕاستیدا ناوچەی دروستبوونی ئەستێرە بن بەدرێژایی بەرەکانی تەوژمی شریتی گەلەستێری. توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری «نەیچەر ئەسترۆنۆمی» بڵاوکراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەستێرەناسان بدات تێگەیشتنیان بۆ پێکهاتەی ڕێگای شیری و ئەو پرۆسانەی بەرپرسن لە لەدایکبوونی ئەستێرەکان باشتر بکەن.
زانکۆی سیدنی – تەوژمی گەلەستێری: دۆزینەوەیەک تێگەیشتنمان بۆ ڕێگای شیری دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
PM:09:49:23/11/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه