‌شیکارییەکی نوێی ڕووی هەسارەی عەتارد مێژووە ئاگرینەکەی ئاشکرا دەکات

وێستگە ستایل-

شیکارییەکی نوێی ڕووی هەسارەی عەتارد مێژووە ئاگرینەکەی ئاشکرا دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ڕووی هەسارەی عەتارد (تیر) دەریخستووە کە ئەم هەسارەیە لە ڕابردوودا بەراورد بەوەی پێشتر زانایان لێی تێگەیشتبوون، ڕووبەڕووی قۆناغێکی زۆر گەرمتر بووەتەوە و چالاکییە گڕکانییەکانی زۆر بەهێزتر بوون.


توێژەران بەڵگەی ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی سلیکۆن لەسەر ڕووی عەتارد زۆر کەمترە لەوەی لە پێشبینییە پێشووەکاندا باسی لێوە دەکرا؛ ئەم دۆزینەوەیە سەرەداوی نوێ دەربارەی پێکهاتەی کیمیاییی ڕووی هەسارەکە و مێژووی چالاکییە گڕکانییەکانی دەخاتە ڕوو.


زانایان پێیان وایە هەندێک لە گڕکانە کۆنەکانی عەتارد لە ناوچە قووڵەکانی چینی عەبای (Mantle) هەسارەکەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەو شوێنانەی پلەی گەرمی هێندە بەرز بووە کە توانای دروستکردنی توانەوەیەکی بەرفراوانی بەردەکانی هەبووە. عەتارد نزیکترین هەسارەیە لە خۆر و پلەی گەرمیی توند ئەزموون دەکات، بەهۆی پێکهاتە نائاسایییەکەیەوە بووەتە ئامانجێکی گرنگ بۆ گەردوونناسان تا لە چۆنیەتیی دروستبوون و پەرەسەندنی هەسارە بەردینەکان تێبگەن.


تێگەیشتن لە چالاکییە گڕکانییە کۆنەکانی عەتارد یارمەتیدەری زانایانە تا بەراوردی بکەن لەگەڵ زەوی، ڤینۆس (نەاهید) و مەریخدا؛ هەرچەندە هەریەک لەم هەسارە بەردینانە لە ژێر بارودۆخی جیاوازدا پێگەیشتوون، بەڵام مێژووە جیۆلۆجییەکەیان دەتوانێت لایەنە هاوبەشەکانی پرۆسەی دروستبوونی هەسارەکان ڕوون بکاتەوە.


مێژووی زەویناسیی عەتارد هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، و چاودێرییەکانی داهاتووی کەشتییە ئاسمانییەکان دەتوانن زانیاری و بەڵگەی زیاتر دەربارەی ناخی هەسارەکە و ڕابردووە گڕکانییەکەی بخەنە ڕوو.


پەیمانگای ماکس پلانک بۆ توێژینەوەی سیستەمی خۆر / ساینس دەیلی، ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦.


PM:11:15:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل