ئایا مرۆڤ دەتوانێت بگاتە کۆتا خاڵی گەردوون؟
وێستگە ستایل-
ئایا مرۆڤ دەتوانێت بگاتە کۆتا خاڵی گەردوون؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پرسیاری گەیشتن بە لێوار یان کۆتایی گەردوون، یەکێکە لەو مەتەڵە گەورانەی کە
زانایانی فەلەکناسی و فیزیا بۆ چەندین سەدەیە سەرقاڵ کردووە، بەڵام
وەڵامەکان هەمیشە ئاڵۆزتر دەبن کاتێک باس لە فراوانبوونی بەردەوامی
گەردوون دەکرێت.
گەردوون شوێنێکی جێگیر نییە، بەڵکو بەردەوام لە کشاندایە. زاناکان باس لەوە دەکەن
کە ئەگەر بمانەوێت خەیاڵی گەیشتن بە لێوارەکانی بکەین، دەبێت سەرەتا گریمانەی
ئەوە بکەین کە کشان و فراوانبوونی گەردوون دەوەستێت، چونکە بەبێ وەستانی ئەو
کشانە، هیچ تەنێک ناتوانێت بگاتە کۆتاییەکەی.
ئەگەر کشانەکە بوەستێت و مرۆڤ بتوانێت بە خێرایی ڕووناکی گەشت بکات، کە خێراییەکەی
دەگاتە ٢٩٩ ملیۆن و ٧٩٢ هەزار و ٤٥٨ مەتر لە چرکەیەکدا، ئەوا هێشتا گەشتەکە
تەمەنێکی ئەفسانەیی دەوێت. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان، لەو بارودۆخەدا
مرۆڤ پێویستی بە ٩٣ ملیار ساڵ دەبێت تاوەکو بگاتە لێوارەکانی گەردوون، ئەمەش
ماوەیەکی زۆر زیاترە لە تەمەنی ئێستای گەردوون.
ئەم گریمانەیە تەنها لە کاتێکدایە کە خێرایی ڕووناکی بەکاربهێنرێت، کە لە ئێستادا
گەیشتن بەو خێراییە بۆ هیچ تەنێکی فیزیکی یان کەشتییەکی ئاسمانی گونجاو نییە.
تیشکی ڕووناکی خۆی کە خێراترین شتە لە گەردووندا، ملیۆنان ساڵی پێدەچێت تەنها
بۆ بڕینی مەودای نێوان گەلەئەستێرە نزیکەکان، چ جای گەیشتن بە کۆتایی گەردوون کە
مەوداکەی لە خەیاڵ بەدەرە.
لە ڕووی زانستییەوە، گەردوون بە شێوەیەک فراوان دەبێت کە گەلەئەستێرەکان لە یەکتری
دوور دەکەونەوە، و زۆرێک لەو شوێنانەی کە ئێستا دەیانبینین، لە ڕاستیدا بەهۆی
خێرایی کشانەکەوە هەرگیز دەستمان پێیان ناگات. ئەمە وادەکات مرۆڤ هەمیشە لە
ناو جۆرێک لە "ئاسۆی بینین"دا بێت کە سنووردارە بەو ڕووناکییەی پێی دەگات.
بۆیە گەیشتن بە لێواری گەردوون تەنها وەک خەونێکی زانستی دەمێنێتەوە، چونکە هەم
مەوداکە لە تەمەنی مرۆڤ و هەسارەکەمان گەورەترە، و هەم سروشتی گەردوون بە
شێوەیەک ڕێکخراوە کە بەردەوام سنوورەکانی خۆی فراوانتر دەکات.
ناسا و گۆڤارە زانستییەکانی فەلەکناسی
PM:11:11:01/05/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه