سپەیس ئێکس جڵەوی ناسا لە بۆینگ وەردەگرێت؛ گۆڕانکاری گەورە لە گەشتی مانگدا
وێستگە ستایل-
سپەیس ئێکس جڵەوی ناسا لە بۆینگ وەردەگرێت؛ گۆڕانکاری گەورە لە گەشتی مانگدا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئاژانسی ناسا بە شێوەیەکی بێدەنگ خەریکی پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتییە بە پلانی گەشتی "ئارتەمیس" بۆ سەر مانگ، کە تێیدا رۆڵی کۆمپانیای بۆینگ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و پێگەی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی خاوەن شکۆ بۆ ئاستێکی بێوێنە بەرز دەکاتەوە. بەپێی پلانە نوێیەکە، کەشتی "ستارشیپ"ی سپەیس ئێکس نەک تەنها وەک نیشتەرەوەیەک لەسەر مانگ بەکاردێت، بەڵکو ئەرکی پاڵپێوەنان و بردنی کەشتی "ئۆریۆن" لە خولگەی زەوییەوە بەرەو مانگ دەگرێتە ئەستۆ؛ ئەرکێک کە پێشتر تەنها بۆ موشەکی SLSی بۆینگ تەرخانکرابوو.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە وەک لێدانێک لە پڕۆژەی موشەکی SLS هەژمار دەکرێت، کە بۆ هەر هەڵدانێک بڕی ٤ ملیار دۆلاری تێدەچێت. لە جیاتی ئەوەی موشەکەکەی بۆینگ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئۆریۆن بنێرێت بۆ مانگ، ئێستا تەنها تا خولگەی زەوی دەبات و لەوێ ستارشیپی سپەیس ئێکس بە ئۆریۆنەوە دەلکێت و لە ڕێگەی بزوێنەرە بەهێزەکانییەوە بەرەو خولگەی مانگی دەبات. ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە سوود لە توانای زۆری سووتەمەنی ستارشیپ وەربگیرێت چونکە بزوێنەرەکانی ئۆریۆن توانایەکی سنوورداریان هەیە.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی جارید ئایزاکمان، بەڕێوەبەری نوێی ناسا، بۆ خێراکردنی وادەی نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ لە ساڵی ٢٠٢٨دا. ئەم هەواڵە کاریگەری دەستبەجێی هەبوو و نرخی پشکەکانی کۆمپانیای بۆینگی بە ڕێژەی ٣٪ دابەزاند، ئەمەش نیشانەی نادڵنیایی وەبەرهێنەرانە لە داهاتووی ئەم کۆمپانیایە لە گەشتە ئاسمانییە مرۆییەکاندا. هەرچەندە ناسا دەڵێت SLS بۆ چەند گەشتێکی تر بەکاردێت، بەڵام سپاردنی ئەرکی سەرەکی بە سپەیس ئێکس، نیشانەی متمانەی زۆرە بە ئیلۆن مەسک سەرەڕای کێشە تەکنیکییەکانی ستارشیپ.
بەڵام ئەم پلانە نوێیە بێ مەترسی نییە، چونکە ستارشیپ هێشتا گەشتێکی ئۆربیتالی تەواوی ئەنجام نەداوە کە تێیدا پڕۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە بۆشایی ئاسماندا سەرکەوتوو بێت، کە ئەمە مەرجێکی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە. هاوکات لۆبییە سیاسییەکانی بۆینگ لە کۆنگرێس لەوانەیە بە ئاسانی ڕێگە بەم گۆڕانکارییە نەدەن، چونکە پڕۆژەی SLS هەزاران هەلی کاری لە ویلایەتە جیاوازەکاندا دروستکردووە.
لە کاتێکدا موشەکی ئارتەمیس ٢ لەسەر سەکۆی هەڵدانە بۆ تاقیکردنەوەی مرۆیی، داڕشتنەوەی ستراتیژی گەشتەکانی داهاتوو نیشانی دەدات کە ناسا دەیەوێت لە پشتبەستن بە کۆمپانیا کلاسیکییەکان ڕزگاری بێت و زیاتر ڕوو لە کەرتی تایبەت و تەکنەلۆژیا نوێیەکان بکات بۆ ئەوەی خەونی نیشتنەوە لەسەر مانگ بکاتە ڕاستی.
سەرچاوە: ناسا و ڕاپۆرتە ئابورییەکانی واڵ ستریت.
PM:07:40:20/03/2026
ئهم بابهته 16
جار خوێنراوهتهوه