‌تێلسکۆپی جەیمس وێب گەردوونناسان تووشی شۆک دەکات؛ دۆزینەوەی گەلەستێرەیەک کە یاساکانی فیزیا و مێژووی گەردوون دەگۆڕێت

وێستگە ستایل-

تێلسکۆپی جەیمس وێب گەردوونناسان تووشی شۆک دەکات؛ دۆزینەوەی گەلەستێرەیەک کە یاساکانی فیزیا و مێژووی گەردوون دەگۆڕێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، دۆزینەوەی گەلەستێرەیەکی تەمەن شکێن و بڕوانەکراویان ڕاگەیاند کە تەنها ٢٨٠ ملیۆن ساڵ دوای "تەقینەوە گەورەکە" (Big Bang) دروست بووە، ئەم دۆزینەوەیە کە ناوی نراوە MoM-z14، هەموو ئەو تیۆریانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە زانایان لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا دەربارەی چۆنیەتی دروستبوونی یەکەمین پێکهاتەکانی گەردوون دایاننابوو، چونکە بەپێی مۆدێلە کۆنەکان نەدەبوو گەلەستێرەیەکی ئاوا گەشاوە و گەورە لەو تەمەنە کورتەی گەردووندا بوونی هەبێت.


ئەم گەلەستێرە دەگمەنە لە چوارچێوەی ڕووپێوییەکی فراواندا بۆ نەخشاندنی سەرەتای تەمەنی گەردوون دۆزراوەتەوە و تیشکەکەی نزیکەی ١٣.٥ ملیار ساڵە بە ڕێگاوەیە تا گەیشتووەتە زەوی، بەهۆی فراوانبوونی بەردەوامی گەردوونیشەوە، تیشکەکەی کشاوە و گەیشتووەتە ئاستی "لادانی سوور" (Redshift) کە بڕەکەی ١٤.٤٤، ئەمەش وای کردووە ببێتە دوورترین و کۆنترین تەن کە تا ئێستا مرۆڤ ناسیبێتی و بە وردی لە ڕێگەی ئامێری NIRSpec ی تێلسکۆپی جەیمس وێبەوە پشتڕاست بکرێتەوە.


ئەوەی زانایانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، تەنها تەمەنی گەلەستێرەکە نییە، بەڵکو گەشییەکەیەتی کە ١٠٠ جار زیاترە لەوەی لە مۆدێلە بیرکارییەکاندا پێشبینی دەکرا، هەروەها لە ئەنجامی شیکردنەوەی تیشکەکەیدا دەرکەوتووە کە گەلەستێرەی MoM-z14 بڕێکی زۆر لە ماددەی "نایترۆجین"ی تێدایە، بوونی ئەم ماددەیەش پێویستی بە چەندین نەوە لە مردن و دروستبوونەوەی ئەستێرەکان هەیە، کەچی لەو کاتە کورتەی سەرەتای گەردووندا کات نەبووە بۆ ئەوەی ئەو هەموو نەوەیەی ئەستێرە دروست ببن و بمرن، ئەمەش وا دەکات زانایان بیر لەوە بکەنەوە کە ڕەنگە جۆرە ئەستێرەیەکی زەبەلاح و جیاواز لە سەرەتای گەردووندا هەبووبێت کە خێرا گەشەی کردووە.


ئەم دۆزینەوەیە بەشێکە لە زنجیرە سەرکەوتنەکانی تێلسکۆپی جەیمس وێب کە لەوەتەی نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان، بەردەوام خەریکی تێکشکاندنی ئەو سنوورانەیە کە مرۆڤ بۆ زانستی گەردوونناسی کێشابووی، پێشتر وا دەزانرا کە گەردوون لە سەرەتادا تەمومژاوی و تاریک بووە و گەلەستێرەکان زۆر بە هێواشی گەشەیان کردووە، بەڵام ئێستا دەردەکەوێت کە گەردوون لە تەمەنێکی زۆر سەرەتاییدا پڕ بووە لە چالاکی و ڕووناکی، گەلەستێرەی MoM-z14 تەنانەت یارمەتی ڕەواندنەوەی ئەو تەمومژە هایدرۆجینییەشی داوە کە لە قۆناغی ناسراو بە "سەردەمی ڕیۆنیزاسیۆن"دا هەبووە.


ئەم دەستکەوتە زانستییە نوێیە کە لە گۆڤاری (Open Journal of Astrophysics) بڵاوکراوەتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی فیزیازانان و گەردوونناسان بە تەواوی پێداچوونەوە بە کتێبەکانی مێژووی گەردووندا بکەنەوە و هەوڵ بدەن تێبگەن چۆن ماددە لەو کاتە کەمەدا توانیویەتی کۆببێتەوە و گەلەستێرەیەکی ئاوا گەشاوە دروست بکات، ئەمە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە تێگەیشتنمان بۆ ئەو تەمومژەی کە ١٣ ملیار ساڵ لەمەوبەر گەردوونی داپۆشیوە.


گۆڤاری زانستی Open Journal of Astrophysics


PM:07:57:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل