نێردەیەکی ئاسمانی بە پاڵپشتی بەریتانیا بۆ پاراستنی زەوی لە زریانە خۆرییەکان بەرەو شوێنی هەڵدان بەڕێکەوت
نێردەیەکی ئاسمانی بە پاڵپشتی بەریتانیا بۆ پاراستنی زەوی لە زریانە خۆرییەکان بەرەو شوێنی هەڵدان بەڕێکەوت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
گەشتێکی ئاسمانی دەگمەن و داهێنەرانە کە ئامانجی پاراستنی ژیانە لەسەر زەوی لە بەرامبەر زریانە بەهێزەکانی خۆر، گەشتە کۆتاییەکەی بەرەو سەکۆی هەڵدان دەستپێکرد. کەشتی ئاسمانی SMILE کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئاژانسی بۆشایی ئاسانی ئەوروپا (ESA) و ئەکادیمیای زانستی چینە (CAS)، لە ئەوروپاوە بەرەو گینای فەرەنسی بەڕێکرا بۆ ئەوەی لەوێوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت.
ئەم نێردەیە کە بەریتانیا ڕۆڵێکی سەرەکی زانستی و پیشەسازی تێدا دەگێڕێت، هەوڵ دەدات یەکەم وێنەی تەواوەتی ئەوە نیشان بدات کە چۆن کێڵگەی موگناتیسی زەوی کارلێک لەگەڵ تەنۆلکە و تیشکە بەردەوامەکانی خۆر دەکات، کە بە "بای خۆر" دەناسرێت.
کەشتییە ئاسمانییەکە لە ١١ی شوباتدا لە هۆڵەنداوە گوازرایەوە بۆ بەندەری ئەمستردام و پاشان لەسەر پشتی کەشتی "کۆلیبری" بارکرا، کە هەمان ئەو کەشتییەیە کە تێلیسکۆپی جەیمس وێبی لە ساڵی ٢٠٢١دا گواستەوە. بۆ پاراستنی ئامێرە هەستیارەکان، سندوقی کەشتییەکە بە بەردەوامی بە نایترۆجین پاک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئۆکسجین و شێ کاری تێنەکات، هەروەها پلەی گەرمی و شێ بە وردی چاودێری دەکرێن.
بەریتانیا لە ڕێگەی گەشەپێدانی ئامێری وێنەگری تیشکی ئێکس (SXI) و دابینکردنی پارچەی تەکنیکی لەلایەن کۆمپانیاکانی وەک Teledyne e2v، پشکی شێری لەم پڕۆژەیەدا هەیە. دوای گەیشتنی بە گینای فەرەنسی، ئەندازیارانی ئەوروپا و چین دەست دەکەن بە ئامادەکاری کۆتایی بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بە موشەکی "ڤێگا-سی".
بڕیارە لە ٨ی نیساندا پەنجەرەی هەڵدانی ئەم کەشتییە بکرێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت شۆڕشێک لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان دروست بکات و یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ژێرخانی گرنگی زەوی وەک مانگە دەستکردەکان، تۆڕەکانی پەیوەندی و کارەبا لە مەترسییەکانی خۆر.
سەرچاوە: ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا (ESA)، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی بەریتانیا.
PM:09:20:22/02/2026