ڕێبوار سیوەیلی؛ گەشتێکی فەلسەفی و ئەدەبی لە دانمارکەوە بۆ زانکۆی سەلاحەدین
وێستگە ستایل-
ڕێبوار سیوەیلی؛ گەشتێکی فەلسەفی و ئەدەبی لە دانمارکەوە بۆ زانکۆی سەلاحەدین
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ڕێبوار حەمەئەمین ئاغا، ناسراو بە ڕێبوار سیوەیلی، یەکێکە لە نووسەر و بیرمەندە دیارەکانی کورد کە بە کارە فەلسەفی، ڕەخنەیی و ئەدەبییەکانی ناسراوە و ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دامەزراندنی خوێندنی فەلسەفەدا لە زانکۆی سەلاحەدین گێڕاوە.
سیوەیلی کە لە ئێستادا مامۆستایە لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین، توانیویەتی لە ڕێگەی وانەگوتنەوە و بەرهەمە فیکرییەکانییەوە، فەلسەفە و ڕەخنەی هاوچەرخ لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریدا بە خوێنەران و خوێندکارانی کورد بناسێنێت و بەردەوامیش بێت لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نوێ.
لە کاروانی نووسین و وەرگێڕانیدا، ڕێبوار سیوەیلی ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێب و بەرهەمی جۆراوجۆری بڵاو کردووەتەوە، لەوانە: «دەروازەکانی کۆمەڵناسی» نووسینی مەنوچەهر موحسەنی (وەرگێڕانی ڕێبوار سیوەیلی و چەند وەرگێڕێکی دیکە)، «نووسین و بەرپرسیاری»، «دەنگی پێی ئاو» نووسینی سوهراب سپێهری (وەرگێڕان بۆ کوردی)، «دنیای شتە بچووکەکان»، «دیاردەگەرایی تاراوگە»، «خاڵبەندیی پراکتیکی»، «زمانی عەشق، زەمەنی ئەنفال»، «ژیان کورتە: نامەیەک بۆ قەشە ئاگوستین» نووسینی یۆستن گۆردەر (وەرگێڕان)، و «قەفەسی ئاسنین یان بۆ ببمەوە بە عێراقی؟». هەروەها کتێبەکانی «لە پەیوەندییەوە بۆ خۆشەویستی» (٢٠٠٤)، «یۆستن گۆردەر» (٢٠٠٤)، «مرۆڤ وەک بەخشندە» (٢٠٠٦)، «فەنتازیای خواردن» (٢٠٠٦)، «زانکۆ لە مۆدێلەوە بۆ واقیع...» (زستانی ٢٠٠٦)، «نەتەوە و حەکایەت»، «خودایە بۆ نەتکردم بە قۆخفرۆش» (٢٠١١)، «ئێوارەیەک بۆ ژن و خودا» (٢٠١٢)، «فەلسەفەی ئاکاری پزیشکی و مافەکانی نەخۆش» (٢٠١٣) و «فەلسەفەی پێش سوکرات (لە تالیسەوە تا دیمۆکریتۆس)» لە بەرهەمە دیارەکانی دیکەی ئەون.
سەبارەت بە پاشخانی خوێندن و ژیانی، ڕێبوار سیوەیلی خوێندنی زانکۆیی لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕۆسکیلدە لە وڵاتی دانمارک تەواو کردووە و تا ساڵی ٢٠٠٠ لەو وڵاتەدا ماوەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٧دا بەشی فەلسەفەی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین کردووەتەوە.
بەم شێوەیە ڕێبوار سیوەیلی بە درێژایی کاروانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی خۆی، وەک نووسەر، وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆ، بەردەوامە لە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمە فەلسەفی، ڕەخنەیی و ئەدەبییەکان.
ویکیپیدیای کوردی – بڵاویکراوەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک
PM:03:19:20/11/2026
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه