‌زانایان ئاشکرای دەکەن قەلەڕەشەکان دەتوانن دوو هێندەی مرۆڤ بە خێرایی بڕیاری بینایی بدەن

وێستگە ستایل-

زانایان ئاشکرای دەکەن قەلەڕەشەکان دەتوانن دوو هێندەی مرۆڤ بە خێرایی بڕیاری بینایی بدەن


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژەرانی زانکۆی توبینگن بۆیان دەرکەوتووە کە قەلەڕەشەکان دەتوانن هەندێک بڕیاری بینایی نزیکەی دوو هێندە خێراتر لە مرۆڤ و مەیموونەکان بدەن، ئەمەش توانای هزریی ناوازە لە باڵندەکاندا ئاشکرا دەکات.


توێژینەوەکە لەسەر دوو قەلەڕەش ئەنجام دراوە لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی کۆنترۆڵکراوەوە کە بۆ پێوانی خێرایی ناسینەوەی ئاراستەی شێوە جووڵاوە بینراوەکان داڕێژرابوون.


باڵندەکان توانیویانە بە تێکڕایی لە ماوەی نزیکەی ٢٣٥ میلیچرکەدا ئەرکەکە بە سەرکەوتوویی و بە وردییەکی بەرز جێبەجێ بکەن. هەروەها زانایان لێکچوونیان لە نێوان پرۆسە دەمارییەکانی بڕیاردان لە باڵندە و سەرەتاییەکاندا دەستنیشان کردووە، سەرەڕای جیاوازییە گەورەکانی پێکهاتەی مێشکیان. باڵندەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا لە ژینگەکەیاندا، خۆپاراستن لە بەربەستەکان، دۆزینەوەی خۆراک و ڕێکخستنی جووڵە لە کاتی فڕیندا بە توندی پشت بە زانیارییە بیناییەکان دەبەستن.


ئەم ئەنجامانە کە لە گۆڤاری زانستیی «سایەنس»دا بڵاو کراونەتەوە، تێڕوانینە تەقلیدییەکان سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی مێشک و توانای هزری دەخەنە ژێر پرسیارەوە و زانیاریی نوێ لەسەر چۆنیەتیی پرۆسەکردنی زانیاریی بینایی لە ئاژەڵاندابدەخەنە ڕوو.


ئەم دۆزینەوەیە دەرگای نوێی توێژینەوە لە بوارەکانی زیرەکیی ئاژەڵان، زانستی دەمار، زیندەزانیی پەرەسەندن و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکردی وەرگیراو لە سیستەمە بایۆلۆژییەکاندا دەکاتەوە.


زانکۆی توبینگن، لە ڕێگەی سایەنس دەیلییەوە، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦.


PM:10:27:12/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل