‌بەهۆی ئابڕووچوونێکی سۆزداری و گومانی سیخوڕییەوە جێنسن هوانگ دەستی لە ئینڤیدیا کێشایەوە

وێستگە ستایل-

بەهۆی ئابڕووچوونێکی سۆزداری و گومانی سیخوڕییەوە جێنسن هوانگ دەستی لە ئینڤیدیا کێشایەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاودامەزرێنەری کۆمپانیای ئینڤیدیا کە بە "باوکی ژیریی دەستکرد" ناسراوە، رۆژی پێنجشەممە دوای 33 ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی کۆمپانیاکە، بەهۆی ئابڕووچوونێکی پەیوەندیی سۆزدارییەوە کە گومانی سیخوڕی بۆ چین-ی لەسەرە، دەستی لە پۆستەکەی و ئەندامێتیی ئەنجوومەنی کارگێڕی کێشایەوە.


ئەم هەنگاوەی هوانگی تەمەن 63 ساڵ دوای ئەوە هات کە دانی بە هەبوونی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ ئالیس هوانگ-دا نا؛ ژنێک کە بەرپرسی پێشووی کۆمپانیای (مێگاسپید)ـە لە سەنگافورە و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گومانی سیخوڕیکردن بۆ چین-ی لێ دەکەن. هاوکات، رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرای کرد کە هوانگ پەیوەندییەکی دیکەی لە دەرەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نێو کۆمپانیاکەی خۆیدا هەبووە، کە بەهۆیەوە پشکەکانی ئینڤیدیا بە رێژەیەکی تووند دابەزین و کۆلێت کرێس، بەڕێوەبەری دارایی، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی دیاری کرا.


دەستلەکارکێشانەوەی هوانگ لە کاتێکدایە کە ئینڤیدیا بە کۆنتڕۆڵکردنی نزیکەی 90%ـی بازاڕی جیهانیی چیپەکان، بووەتە بزوێنەری سەرەکیی شۆڕشی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەر وەک (ChatGPT) و (Claude) و پێداویستیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گووگڵ، مایکرۆسۆفت، مێتا و ئەمازۆن دابین دەکات. بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە بۆ زیاتر لە 4.5 ترلیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە و تەنیا لە ساڵی رابردوودا 120 ملیار دۆلار قازانجی تۆمار کردووە، هاوکات سامانی تایبەتیی هوانگیش گەیشتبووە نزیکەی 160 ملیار دۆلار. لەسەر ئاستی سیاسیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە هوانگ راوێژکارێکی نزیکی نافەرمیی بوو، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" ستایشی کارەکانی کرد و تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵی وەک تاکە بژاردە بۆ شوێنگرتنەوەی ناوبرد و نووسیویەتی: "ئێستا کە جێنسن هوانگ دەستی لەکارکێشاوەتەوە، تەنیا یەک پیاو هەیە شوێنی بگرێتەوە؛ ئەویش تیم کوک-ی ئەپڵە. ئەفسانەیەک جێگەی ئەفسانەیەک دەگرێتەوە!"


چیرۆکی سەرکەوتنی هوانگ لە 1963 لە تایپێی پایتەختی تایوانەوە دەستی پێکرد و لە تەمەنی 9 ساڵیدا رەوانەی ئەمریکا کرا. لە ساڵی 1993، لە چێشتخانەیەکی بچووکی سیلیکۆن ڤالی، کۆمپانیای ئینڤیدیای دامەزراند؛ ناوی کۆمپانیاکە لە وشەی لاتینی (invidia) وەرگیراوە کە بە واتای "ئیرەیی" دێت، هەر بۆیە لۆگۆی کۆمپانیاکە لە شێوەی چاوێکی سەوز و سپیدایە. ئینڤیدیا لە 1999 یەکەمین یەکەی چارەسەرکردنی گرافیکیـی لە جیهاندا بەرهەمهێنا و لە چێشتخانەیەکی بچووکەوە بەرەو لووتکەی جیهانی تەکنەلۆژیا هەنگاوی نا.


بەم شێوەیە، پەیوەندییە تایبەتەکان و مەترسییە ئەمنییەکان دواجار کۆتاییان بە سێ دەیە لە سەرکردایەتیکردنی یەکێک لە دیارترین ئیمپراتۆریەتە تەکنەلۆژییەکانی جیهان لە لایەن جێنسن هوانگەوە هێنا و کۆمپانیاکەی خستە بەردەم قۆناغێکی نوێی بەڕێوەبردن.


رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ


PM:09:15:12/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل